خاچی سوور: کۆرۆنا پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخولقێنێت

کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، هەڕەشە لە ژیانی بە ملیۆنان کەس دەکات ئەوانەی خۆیان لە ئێستادا لە ناوچەکانی شەڕدا بێ‌دەرەتانن و رەنگە پەتاکە پشێوی ئابوری - کۆمەڵایەتیش خۆشبکات. كۆمیتەی خاچی سوور گوتیشی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی شارەکان وەک ڕێکاری تەندروستی گشتی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا دابینکردنی بژێوی بۆ زۆرێک لە خانەوادەکان سەختکردوە .

کۆمیەتی خاچی سووری بنکە لە جنێڤ لە ڕاگەیاندنەکەیدا ئاماژەی کردووە بە سوریا و عێراق و یەمەن و کەرتی غەززە و لوبنان و ئوردن، وە داوای لە دەسەڵاتدرانی ئەم وڵاتانە کرد کە لە ناوچە نائارامەکاندا خۆیان بۆ شیانی بۆ هەژانێکی ئابوری- کۆمەڵایەتی دوای پەتاکە ئامادەبکەن.

لەو بارەیەوە " فابریزۆ کاربۆن" بەڕیوەبەری کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی؛ هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمڕۆدا رووبەڕوی دوو هەڕەشە دەبێتەوە ، یەکەمیان شیانی تەشەنەکردنی بەرفراوانی ڤایرۆسەکە لە ناوچەکانی شەڕدا و هەروەها پشێوی ئابوری-کۆمەڵایەتی. بەڵام رێکخراوی خاچی سوور ئاماژەی بە وڵاتی ئێران نەدا کە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدا زۆرترینی تۆمارکردووە. خانمە وتەبێژێکە گوتی ئەوان هاوکاری کۆمەڵەی خاچی سووری ئێرانی دەکەن.

کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی گوتی بە ملیۆنان کەس لە ئێستادا لە نێو ئەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕ بوونەتەوە و خزمەتگوزاری تەندروستی و خۆراک و ئاو و کارەبایان نیـیە. هاوکات کۆمیتەی ناوبراو گوتیشی ئەوان کەرەستەی پاک‌وخاوێنی راگرتن و خۆپارێزیان بۆ بەندیخانە ناوەندیەکان لە سوریا دابینکردوە، واتە ئەو بەندیخانانەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە بەڕیوەدەبرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز