سەردانی وەزیری دەرەوەی میسر بۆ سوریا

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا ، وەزیری دەرەوەی میسڕ بۆ یەکەمین جار سەردانی سوریای کرد، ئەمەش لە ئاماژەیەکی دیکەدا لەسەر گەرمبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا.

ئەسەد لە دوای بومەلەرزەکەی 6 ی مانگی دووەوە سوودی لە پشتیوانییەکانی وڵاتانی عەرەبی وەرگرتووە کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 50,000 کەس لە تورکیا و سوریادا.

بەپێی دەزگای هەواڵی سوریا و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسڕ، وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری لە فڕۆکەخانەی دیمەشق لەلایەن هاوتا سورییەکەی فەیسەڵ میقدادەوە پێشوازی لێکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی میسڕ لە بەیاننامەیەکدا وتی شوکری لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ سوریا و تورکیا " پەیامی دەربڕینی هاوسۆزی میسڕییان پێ ڕادەگەیەنێت."

سەرۆکی میسڕ عەبدول فەتاح سیسی بۆ یەکەمین جار لە 7 ی مانگی دوودا لە ڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ ئەسەددا کرد، ڕۆژی یەکشەممەش شاندێکی باڵای پەرلەمانتارانی سەرانسەری ناوچەکە بە سەرۆکی پەرلەمانی میسڕیشەوە لە دیمەشق لەگەڵ ئەسەددا کۆبوونەوە.

ئەمەش ببینە بەشار ئەسەد لەگەڵ شاندی باڵای پەرلەمانی وڵاتانی عەرەب لە دیمەشق کۆدەبێتەوە


دوابەدوای بومەلەرزەکە، وەزیری دەرەوەی ئوردن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکرد، بۆ یەکەمین جار لە دوای شەڕی ناوخۆی سوریاوە سەردانی دیمەشقی کرد.

ئەسەد بەهۆی سەرکوتکارییەکانیەوە دژی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011 وە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە پەراوێزخرا، لە ساڵی 2011 دا ڕێکخراوی هاریکاری عەرەبی ئەندامێتی سوریای هەڵوەشاندەوە.

ئیماڕات چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستیکرد بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەددا، لە دوای بومەلەرزەکەوە فریاگوزاری ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە دژی هەر جووڵەیەک بۆ ئاساییکردنەوە یاخود باشکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەددا، هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ دڕندەیی حکومەتەکەی ئەسەد لە ماوەی جەنگەکەدا و پێویستییەکان بۆ بینینی بەرەوپێشچوونێک بە ئاڕاستەی چارەسەرێکی سیاسیی.

لانیکەم 5,900 کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە سوریا گیانیان لە دەستدا، زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بوون لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا.

شوکری سەردانی تورکیاش دەکات لە کاتێکدا کە پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی نێوان میسڕ و تورکیا لە دوای دەستبەکاربوونی سیسییەوە وەکو سەرۆکی میسڕ گرژییان تێکەوت، ئەوەش دوای ئەوەی سیسی کە سەرکردەیەکی سوپا بوو لە ساڵی 2013 دا محەمەد مورسی لەسەر دەسەڵات دوورخستەوە، کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز