ئەردۆ‌غان: تورکیا هەوڵی میکانیزمێکی سێ لایەنە دەدات لەگەڵ ڕووسیا و سوریادا

کەناڵی هابەرتورک لە زاری سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بڵاویکردەوە پێشنیاری کردووە بۆ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن میکانیزمێکی سێ لایەنە لەگەڵ ڕووسیا و سوریادا پێکبهێنێت بۆ خێراترکردنی دیبلۆماسی لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا.

کەناڵەکە لە زاری ئەردۆغانەوە بڵاویکردەوە پێشنیاری کردووە پوتن دەستپێشخەری بکات کۆمەڵێک کۆبوونەوە لە نێوان تورکیا و ڕووسیا و سوریادا ڕێکبخات بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریادا، کە لە مێژە گرژییان تێکەوتووە.

ئەردۆغان وتی " سەرەتا دەزگاکانی هەواڵگریمان، دواتر وەزیرانی بەرگریمان، دواتریش وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتەکەمان کۆببنەوە. دوای کۆبوونەوەکان ئێمەش وەکو سەرۆکەکان دەکرێت کۆببینەوە. ئەمەم پێشنیار کردووە بۆ بەڕێز پوتن و ئەویش بۆچوونێکی ئەرێنی هەیە لەو بارەیەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز