نوێنەری یەکێتی ئەوروپا ستایشی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی شی دەکات لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا

سەرۆکی چین شی جین پینگ

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا بۆ چین دەڵێت پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ئەمدواییانەی سەرۆکی چین شی جین پینگ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی بوو، هاوکات داوای هەوڵێکی زیاتری کرد بۆ بە دەستهێنانی ئاشتی.

پەیوەندییە تەلەفونییەکەی شی لەگەڵ زێلێنسکیدا کە ماوەی کاتژمێرێکی خایاند و بۆ یەکەمین جار بوو لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، بەدیهاتنی ئامانجێکی کیێڤ بوو کە ماوەی چەند مانگێک بوو هەوڵی بۆ دەدا.

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە چین خۆرخێ تۆلیدۆ ئەلبینانا لە پەکینی پایتەختی چین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " دەمانەوێت چین هەوڵی زیاتر بدات بۆ یارمەتیدان لە گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانەدا، کە تیایدا هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بکشێنەوە."

دەزگای هەواڵی چین لەو کاتەدا وتی شی لە ماوەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بە زێلێنسکی وتووە چین شاندێکی تایبەت ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانەدا دەکات کە هەوڵی ئاشتی دەدەن.

ئەلبینانا وتی لەم ساڵدا پێشبینی دەکرێت گفتوگۆی زیاتری ئاست بەرز ئەنجام بدرێن، لەوانەش کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین چن کانگدا.

ئەلبینانا وتی لێدوانەکانی ئەمدواییانەی بۆڕێڵ سەبارەت بە تەنگەی تایوانی جێناکۆکی لەسەر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادەڕۆییان لەسەر کراوە.

بۆڕێڵ لە ڕۆژنامەی جێرناڵ دو دیمانچدا نوسیویەتی هێزە دەریاییەکانی ئەوروپا دەبێت ئەرکی ئێشکگری لە تەنگەی تایواندا ئەنجام بدەن.

ئەلبینانا وتی " پێم وایە ئەوەی ئەو وتی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادەڕۆیی لەسەر کراوە."

بۆڕێڵ نوسیویەتی " تایوان لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و تەکنەلۆجیاوە پەیوەندیی پێمانەوە هەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز