باڵی سەربازیی حەماس دەڵێت 3 بارمتە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسڕائیلدا لە غەززە کوژراون

باڵی سەربازیی حەماس، لیواکانی ئەل قەسام، ڕۆژی یەکشەممە لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تێلگرام بڵاویکردووەتەوە دەڵێت لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئیسڕائیلدا ڕۆژی شەممە سێ بارمتە کوژراون، یەکێکییان هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی بووە. جێی ئاماژەیە هەر لە ڕۆژی شەممەدا چەند بارمتەیەک لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە ڕزگارکران.

حەماس ناوی ئەو بارمتانەی ئاشکرا نەکرد کە دەڵێت کوژراون، بەڵام ڤیدیۆکە سێ لاشەی مردووی نەناسراوی تێدا بوو کە ڕووخسارییان داپۆشرابوو.
لە ڤیدیۆکەدا دەوترێت " بارمتەکانت ئازاد دەکرێن کاتێک زیندانییەکانمان ئازاد دەکرێن."

ڕۆژی شەممە هێزەکانی ئیسڕائیل لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی ئەلنوسیرەتی ناوەڕاستی غەززە چوار بارمتەیان ڕزگار کرد، بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن لەو ئۆپەراسیۆنەدا 247 فەلەستینی کوژراون.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل کوژرانی بارمتەکانی ڕەت کردەوە و وتی " ئەوە درۆیەکی ئاشکرایە ".

بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینییەکان کوژراون.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز