تیمەکانی فریاگوزاری لە کارۆلاینای باکوور ڕۆژی دووشەممە هەوڵییاندەدا بەپەلە بگەنە ئەو کەسانەی کە سێ ڕۆژە بێسەروشوێن بوون دوای ئەوەی زریانی هێلین بە ناو باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکادا ڕۆیشت و زیاتر لە 100 کەسی کوشتووە و ملیۆنان کەسیش بەبێ کارەبا ماونەتەوە.
سەرۆکی پۆلیس لە شارۆچکەی شاخاوی بومکۆمب کە شاری ئاشڤیلیش دەگرێتەوە وتی شارۆچکەکە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و 35 کەس گیانییان لە دەستداوە. شارۆچکەکە دواتر ئاو و خۆراک بەسەر دانیشتواندا دابەش دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێک لە یارمەتییەکان لە ڕێی فڕۆکەوە گەیەندرانە ناوچەکە چونکە زۆربەی ناوچەکە و شەقامەکانی بە ئاو داپۆشراون و کارەباشی تێدا نەماوە.
بەڕێوبەری شارۆچکەکە ئاڤریڵ پیندەر وتی " ئاومان نیە و لە زۆربەی شارۆچکەکەشدا کارەبا نیە، شەقامەکان هێشتا زۆر مەترسیدارن."
لە بەشێکی زۆری ئۆهایۆوە بۆ کارۆلایناکان و بۆ فلۆریدا خزمەتگوزاری هێڵەکانی پەیوەندیکردن نەماون، نزیکەی 2.1 ملیۆن ماڵ و شوێنی کار بەبێ کارەبا ماونەتەوە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی نۆرث کارۆلاینا ڕۆی کوپەر ڕۆژی دووشەممە وتی " نەبوونی هێڵەکانی پەیوەندی جێی نیگەرانین. دەزانین کە خەڵک هەن بێسەروشوێن بوون، دەشزانین لە کۆتایی ئەمەدا دەردەکەوێت کە خەڵکێکی زۆر گیانییان لە دەستداوە."
هێزی پاسەوانی نیشتیمانی بە تەواوەتی چالاککراوە و کارمەندانی تیمەکانی فریاگوزاریش لە 19 ویلایەتدا لەگەڵ کارمەندانی دەزگای بەڕێوبەرایەتی فریاگوزاری فیدڕاڵدا ئامادەن بۆ یارمەتیدان. کوپەر وتی شوێنە سەختەکان لە چیاکانی ڕۆژئاوای نۆرث کارۆلاینا وایکردووە مەحاڵ بێت بگەیتە ئەو شوێنانە، ئەوەش بەهۆی هەرەسهێنانی زەوی و لافاوەوە.
وتی " لەبەرئەوە ئێمە زۆر پشتمان بە هێزی ئاسمانی بەستووە، هێلیکۆپتەرەکان بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان."
زریانی هێلین شەوی پێنجشەممە گەیشتە کەناری کەنداوی فلۆریدا و بەهۆیەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە باران دەبارێت و ئەو خانووانەش لە ناوچوون کە دەیان ساڵە ماونەتەوە. کاتێک بەرەو باکوور ڕۆیشت شەقامەکانی شتەوە و گەڕەکەکانی لە ناوبرد و زۆربەی کۆمەڵگەکانی بەبێ ئاو و پێویستییەکانی دیکە هێشتەوە.
بەهۆی زریانەکەوە نزیکەی 100 کەس لە کارۆلایناکان و جۆرجیا و فلۆریدا و تێنێسی و ڤێرجینیا گیانییان لە دەستداوە و پێدەچێت ژمارەکە زیاتر ببێت.
بەپێی خەمڵاندنەکان زیانەکانی زریانەکە لە 15 ملیار دۆلار بۆ زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە. سیستمەکانی ئاو و پەیوەندییەکان و ڕێگە گرنگەکانی گواستنەوە لە ناوچوون یاخود زیانییان پێگەیشتووە.
کۆشکی سپی وتی سەرۆک بایدن بە نیازە لەم هەفتەیەدا سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکات، کاتێک کە نەبێتە هۆی تێکدانی کارەکانی تیمەکانی فریاگوزاری.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات لەسەر وەڵامدانەوەی زریانەکە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی هێرس سەردانی ناوچەکە دەکات کاتێک سەردانەکەی نەبێتە ڕێگریکردن لەبەردەم ئەرکە فریاگوزارییەکاندا.
بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەردانی ڤالدۆستای جۆرجیا دەکات و زانیاری پێدەدرێت لەسەر زیانەکانی زریانەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز