ئاژانسی هەواڵەکانی فرانس پرێس دەڵێت ؛ ئێران ئەمڕۆ سیستمێکی موشەکی بەرگری مەودا دووری دروستکراوی خۆماڵی ئاشکراد ، هاوکاتی ئەوەی گرژیەکانی نێوان ویلایەتە یەگرتوەکانی ئەمەریکا و تاران لە زیادبووندایە.
بەرپرسێکی پێشووی ئێرانی رایگەیاند کە موشەکی ناسراو بە "باوەڕ 373" ، یەکەمین سیستمی موشەکی بەرگری مەودا دوورە کە ئێران بەرهەمی بهێنێت.
دوای راگرتنی فرۆشتنی سیستمی موشەکی روسی جۆری S 300 بە تاران بەهۆی گەمارۆ نێونەتەوەیەکانی سەپێندراو بەسەر ئێراندا، تاران لە ساڵی 2010 وە دەستی بە دروستکردنی سیستمی موشەکی باوەڕ ی دروستکراوی خۆماڵی کردووە.
ئاژانسی فەرمی هەواڵەکانی ئێرانی دەڵێت ؛ حەسەن روحانی سەرۆکی وڵات بەشداری لە رێورەسمی خستنە رووی موشەکی باوەڕ کرد کە سیستمێکی موشەکی زەمین بۆ ئاسمانە، ناوبراو فەرمانیدا ئەم موشەکە بخرێتە سەر سیستمی موشەکی بەرگری ئاسمانی ئێرانی.
فڕانس پـرێس گوتیشی کە سیستمی موشەکی باوەڕی 373 بۆ جوگرافیای ئێران لەبار و گونجاوە و مەوداکەی زیاتر لە 200 کیلۆمەترە و هاوتای سیستمی موشەکی S 300 ی روسی و پەیتریۆت ی ئەمەریکاییە.
هەر لەم بارەیەوە حەسەن روحانی سەرۆکی ئێرانی دوای ئاشکراکردنی ئەم موشەکە خۆماڵییەی ئەمڕۆ خرایە روو ، لە وتەیەکی پەخشی تەلەفزیۆنیدا گوتی ؛ئەم پیشەسازیە خۆماڵیە لە هەردوو سیستمی موشەکی بەرگری ئاسمانی روسی و ئەمریکایی باشترە.
ئاشکراکردنی سیستمی موشەکی ئێرانی "باوەڕ" هاوکاتە لەگەڵ بۆنەی رۆژی نیشتمانی پیشەسازی بەرگری ئێرانی.