عێراق دڵنیایی دەدات لەسەر پاراستنی ئاسایشی نێردە دیپلۆماتییە بیانییەکان

حکومەتی عێراق دڵنیاییدا لەسەر پاراستنی ئاسایشی نێردە دیپلۆماتییەکان لە وڵاتەکەدا و وتی ڕێگە نادەن جارێکی دیکە ڕووداوی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سوید دووبارە ببێتەوە.

بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژێک دوای ئەوە هات سەدان خۆپیشاندەر هەڵییانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد، ئاگریشیان تێبەردا، ئەمەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی پلانەکان بۆ سوتاندنی قورئان لە ستۆکهۆڵم، لە هەمان کاتیشدا باڵیۆزی سویدی لە وڵاتەکە دەرکرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتی "حکومەتی عێراق بە تەواوەتی پابەندە بە ڕێککەوتننامەی ڤییەناوە کە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان وڵاتان ڕێکدەخات و دڵنیایی دەدات لەسەر ئاسایش و پاراستنی سەرجەم نێردە دیپلۆماتییەکان."

وتیشی "ئەوەی بەسەر باڵیۆزخانەی سویددا هات لە بەغداد ناکرێت دووبارە ببێتەوە، هەر هەوڵێکی لەوشێوەیەش ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز