عێراق سەرکۆنەی سوتاندنی قورئان لە کۆپنهاگن دەکات

عێراق سەرکۆنەی سوتاندنی قورئانی کرد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراقدا لە دانیمارک و ڕایگەیاند دوای خۆپیشاندانەکان لە بەغداد کارمەندانی باڵیۆزخانەی دانیمارک بەغدادییان جێهێشتووە، هاوکات کۆپنهاگن وتی " لە عێراق نەکشاونەتەوە."

دوای ئەوەی دانیمارک و سوید ڕێگەیاندا بە سوتاندنی قورئان لە ژێر یاسای پاراستنی ئازادی ڕادەربڕیندا، خۆپیشاندان لە سەرانسەری عێراق و ئێران بەڕێوەچوون. ڕۆژی پێنجشەممە خۆپیشاندەران لە عێراق باڵیۆزخانەی سویدییان لە بەغداد سوتاند.

ڕۆژی دووشەممە خۆپیشاندەرانی دژ بە ئیسلام لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراقدا لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک کتێبێکی قورئانیان سوتاند.

وەزیری دەرەوەی دانیمارک لارس لۆکێ ڕاسموسن وتی سەرکۆنەی سوتاندنی قورئانی کردووە.

ڕاسموسن وتی " ئەم کارە وروژێنەر و شەرمەزارکەرانە ڕەنگدانەوەی دیدی حکومەتی دانیمارک نین. داوا لە هەمووان دەکەین گرژییەکان کەم بکەنەوە، هەرگیز توندوتیژی نابێت وەڵام بێت."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە بەرپرسانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد " بەپەلە جارێکی دیکە پێداچوونەوە بکەن بە ئازادی ڕادەربڕین و مافی خۆپیشانداندا."

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتی ستافە دانیمارکییەکەی باڵیۆزخانەی دانیمارک لە بەغداد دوو ڕۆژ لەمەوبەر عێراقییان جێهێشتووە. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا هۆکار چی بووە یاخود بە دیاریکراوی کەی وڵاتەکەیان جێهێشتووە.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک وتی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغداد لە 22 ی مانگی حەوتەوە بەهۆی پشووی هاوینەوە داخراوە.

وتی " ئێمە لە عێراق نەکشاوینەتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز