دۆخی عێراق لە ئاڵۆزی زیاتر نزیک دەبێتەوە


بارودۆخی عێراق تا دێت ئاڵۆزدەبێت، بەستەڵەکی نێوان هێزە سیاسیەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هێشتا نەتوێنراوەتەوە، لەکاتێکدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، عێراق لەکاتی دەستووری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت نزیک دەبێتەوە.

ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکان گەیشتووەتە ئاستی هۆشداریدان بەیەکتری لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتیش وەکو دوو حیزبی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار تادێت ئاڵۆزتر دەبێت.

مانگی داهاتوو بۆ عێراقیەکان بە مانگێکی چارەنوسساز و پڕلەکێشمەکێش دادەنرێت، بەو پێیەی گەر هێزە عێراقیەکان نەگەنە ڕێککەوتن، مەترسی ئالۆزبوونی دۆخی عێراق دەکرێت، لەکاتێکدا هێزە شیعەکان مل بۆ خواستەکانی موقتەدا سەدر نادەن و ناوبراویش شەوی ڕابردوو، جارێکی تر جەختی لەسەر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی کردەوە.

شێرکۆ میروەیس پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دۆخی سیاسی عێراق تەواو نالەبارە، خەڵک توشی دڵەڕاوکێ بووە، هێزە سیاسیەکان باوەڕیان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بوون بە ئۆپۆزسیۆن نیە، هێزەکان هێندەی پلانی تەسفیەکردنی یەکیان هەیە، هێندە پلانی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەیان نیە."

وتیشی"هێندە دەخالەتی وڵاتان لەکاروباری عێراق زۆرە، هەندێکجار هەست دەکرێت عێراق خۆی غایبە، گەر خاوەن خەبات و ژیرەکان نەیەنە سەر هێڵ، عێراق لەبەردەم قەیرانی گەورەدایە."

لەکاتێکدا هێزە شیعەکان ناکۆکن و بۆ سەر بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر دابەشبوون، ئەم ناکۆکیە بۆ نێو هەرێمی کوردستانیش گواستراوەتەوە، پارتی کە ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە هەیە، کار بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات، یەکێتیش کە ڕای لەچوارچێوەی هەماهەنگیەوە نزیکترە، پۆستەکە بە ئیستیحقاقی خۆی دادەنێت.

شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، لەنێو کوردیشدا دەبێت کۆمەڵێک پێوەر هەبێت بۆ بردنی ئەو پۆستە، ئێمە وەکو پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردن و دەسەڵاتداری هەرێمین، بۆیە پۆستی سەرۆک کۆمار بە مافی خۆمان دەزانین."

پێداگیری پارتی بۆ بردنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، ئەو پۆستە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لای یەکێتیە، بۆیە بەرپرسانی یەکێتی هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتی دا، گەر پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن هۆشیار زێباریەوە ببرێت.

شێرکۆ میروەیس ڕوونیکردەوە، لەحاڵەتی خراپی دۆخی عێراق دا، دەبوو کورد و هێزە سیاسیەکان پلان و ستراتیژی هاوبەشیان هەبووایە، بەتایبەت گەر کورد لەکەرکوک یەک لیست بایە، لەبری 6 کورسی، 8 کورسی دەهێنا، لە خانەقین لەبری کورسیەک، دوو کورسی دەبرد، لەموسڵیش هەروەها، وتی"ئەوەی لەسەر سەرۆک کۆمار دەگوزەرێ کێشمەکێشی حیزبیە، مەسەلەکە بۆ ئێمە وەکو یەکێتی بووەتە شەڕی ئیرادە، گەر عێراق بەتەوافق بەڕێوەنەبرێت، ڕەنگە حکومەتی زۆرینە دۆخەکە بە ئاقاری خراپ ببات و لەو ڕووەوە گەرەنتی نیە."

ئاڵۆزبوونی نێوان لایەنەکان و نەدۆزینەوەی دەرەچەیەک بۆ ڕێککەوتن لەکاتێکدایە، بڕیارە 7 ی مانگی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە، دواتر سەرۆک کۆمار کاندیدی سەرۆکی حکومەت بۆ پێکهێنانی کابینەکەی ڕادەسپێرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر