گفتوگۆکان لە قاهیرە بۆ ئاگربەست لە غەززە ڕۆژێکی دیکە درێژکرانەوە

بەرپرسێکی حەماس دەڵێت دانوستکارانی حەماس لەسەر داوای نێوەندگران بۆ ڕۆژێکی دیکە لە قاهیرە دەمێننەوە، بەمەش دوای دوو ڕۆژ لە گفتوگۆکردن بەبێ هیچ ئەنجامێک، گفتوگۆکان بۆ ڕۆژێکی دیکە درێژکرانەوە.

گفتوگۆکانی قاهیرە بە دوایین قۆناغ دادەنرێن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا بارمتە ئیسڕائیلییەکان ئازاد دەکرێن و یارمەتی زیاتر دەگەیەندرێتە غەزە.

بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت " شاندەکە بۆ ڕۆژی سێشەممەش لە قاهیرە دەمێنێتەوە بۆ گفتوگۆکان، پێشبینی دەکرێت دواتر لەمڕۆدا کۆتایی بەم خولەش بهێنن. کەناڵی قاهیرەی میسڕیش وتی گفتوگۆکان بۆ سێیەمین ڕۆژ درێژکراونەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا گفتوگۆکان " ڕووبەڕووی قورسایی بوونەتەوە."

پێشتر باسم نایمی بەرپرسی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت حەماس پێشنیارەکەی خۆی بۆ ڕێککەوتنێکی ئاگربەست پێشکەشی نێوەندگرەکان کردووە، ئێستاش چاوەڕێی وەڵامێکن لە ئیسڕائیلییەکانەوە کە لەم خولەی گفتوگۆکاندا بەشدارییان نەکردووە.

نایم وتی " ' سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ' نەتانیاهو نایەوێت بگات بە ڕێککەوتنێک و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمەریکاییەکاندایە تاوەکو فشار بکەنە سەر ئیسڕائیل بە ڕێککەوتنێک ڕازی ببێت."

بەرپرسێکی باڵای ئیسڕائیل کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکانی نایم پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی کە ئیسڕائیل ڕێناکەوێت، وتی " ئەو بانگەشەیە ڕاست نیە. ئیسڕائیل هەموو هەوڵێکی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک. ئێمە چاوەڕێی وەڵامی حەماسین."

ئیسڕائیل ڕەتی کردووەتەوە بە ئاشکرا لێدوان لەسەر گفتوگۆکان لە قاهیرە بدات.

پێشتر سەرچاوەیەک بە ڕۆیتەرزی وت ئیسڕائیل خۆی لەم خولەی گفتوگۆکان بە دوورگرتووە چونکە حەماس ڕەتی کردووەتەوە لیستی ناوی ئەو بارمتانە بدات کە هێشتا لە ژیاندا ماون. نایم وتی ئەمە مەحاڵە ئەگەر سەرەتا ئاگربەستێکمان نەبێت چونکە بارمتەکان بە سەرانسەری ناوچەکانی شەڕدا بڵاوبوونەتەوە و لەلایەن گروپی جیاوازەوە گیراون.

ڕۆژی دووشەممە بەرپرسانی ئاسایشی میسڕ وتییان هێشتا لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئیسڕائیلییەکاندا تاوەکو ڕێگە بدەن گفتوگۆکان بەردەوام بن بەبێ ئامادەبوونی شاندی ئیسڕائیلی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز