هێزەکانی ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت بوونەوە لەگەڵ چەکدارانی حەماسدا لە دەوروبەری خان یونسی باشووری کەرتی غەززە، هاوکات شەڕ و پێکدادانەکان لە شاری غەززەش لە باکوور بەردەوامن.
ئۆفیسی کاروباری هەماهەنگی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە بە شێوەیەکی بەرچاو وەستاون، جگە لە ناوچەی ڕەفەحی نزیک سنووری میسڕ، شەڕ و کۆتوبەندەکانیش لەسەر ئەو شەقامە سەرەکییانەی کە یارمەتییە مرۆییەکانییان پێدا دەڕوات زیاتر بووە.
شەڕەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 1.9 ملیۆن هاووڵاتی لە غەززە، زۆرێکییان هەوڵی دۆزینەوەی پەناگە دەدەن لە باشووری غەززە لە پەناگە قەرەباڵغەکاندا، هاوکات هۆشداری دەدرێت لەسەر خراپی ئەو هەلومەرجەی خەڵکەکەی تێدایە و هەڕەشەی زیادبوونی نەخۆشییە گواستراوەکان.
ئۆفیسی کاروباری هەماهەنگی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دەیان هەزاران کەس گەیشتوونەتە ڕەفەح، لە هەمان ماوەشدا ئیسڕائیل جەنگەکەی دژی چەکدارانی حەماس لە باشوور فراوانتر کرد، یەکێک لەو فراوانکردنانەش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بوو لە خان یونس کە دووەم گەورەترین شاری کەرتی غەززەیە.
ڕۆژی دووشەممە شاندێکی باڵیۆزەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سنووری نێوان میسڕ و غەززەیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکاندا کۆبوونەوە.
هاوکات فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا داوای سزای نوێی یەکێتی ئەوروپایان کرد دژی حەماس.
وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە باسییان لە سزاکان نەکرد بەڵام وتییان دەبێت ئەندامانی حەماس لایەنگرانی و ئەو گروپانە بکەنە ئامانج کە پەیوەندییان بە چەکدارەکانەوە هەیە.