ئیسڕائیل داوای چۆڵکردنی شوێنی زیاتری غەززە دەکات

سوپای ئیسڕائیل فەرمانی بە چۆڵکردنی شوێنی زیاتر کرد لە باشووری غەززە، ئەوەش دوای هێرشێکی ئاسمانی کوشندە بۆ سەر قوتابخانەیەک کە کرابوو بە پەناگە لە باکووری غەززە، ئەو هێرشە بەپێی بەرپرسانی تەندروستی بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 80 فەلەستینی، ئیسڕائیل وتی لە ناوەندێکی سەرکردایەتی حەماسی داوە و 19 چەکداری کوشتووە.

ئیسڕائیل بەردەوام داوای چۆڵکردنی ناوچەکانی لە غەززە کردووە لە کاتێکدا کە هێزەکانی گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە وێران کراون و پێشتر تێیاندا ڕووبەڕووی چەکدارانی فەلەستینیەکان بوونەتەوە. زۆربەی دانیشتوانە 2.3 ملیۆنییەکەی غەززە بەهۆی جەنگە 10 مانگییەکەوە ئاوارە بوون، هەندێک جار چەندین جار ئاوارە بوون.

سەدان هەزاران کەس چوونەتە خێمەکانەوە یاخود پەنایان بردووەتەبەر قوتابخانەکان، فەلەستینییەکان دەڵێن هیچ شوێنێک لە غەززەدا پارێزراو نیە.

نوێترین فەرمانی چۆڵکردنەکە بەسەر ناوچەکانی خان یونسدا جێبەجێ دەکرێت، بەو بەشەشییەوە کە ئیسڕائیل وەکو ناوچەیەکی مرۆیی ڕایگەیاندووە کە سوپا دەڵێت لەو ناوچەیەوە ڕۆکێت هەڵدراوە. ئیسڕائیل حەماس و گروپە چەکدارییەکانی دیکەی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی خۆ حەشاردان لە نێو هاووڵاتیانی سڤیلدا و هێرشکردن لە ناو بیناکانی نیشتەجێبوونەوە.

خان یونسی دووەم گەورەترین شاری غەززە پێشتر لەم ساڵدا ڕووبەڕووی کاولکاری بووەوە بە هێرشە ئاسمانی و پیادەکان. دەیان هەزاران کەس هەفتەی ڕابردوو جارێکی دیکە لە ناوچەکە هەڵاتن، ئەوەش دوای فەرمانێکی پێشووتری ئیسڕائیل بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە.

ڕۆژی یەکشەممە سەدان خێزان ماڵ و پەناگەکانییان چۆڵکرد و ئێستا بە دوای پەناگەیەکی دیکەدا دەگەڕێن.

ئەمەل ئەبو یەحیای دایکی سێ منداڵ کە لە مانگی شەشدا گەڕاوەتەوە بۆ خان یونس و لە ماڵێکی کاولبوودا ژیاوە، وتی " نازانین بۆ کوێ بچین. ئەمە چوارەمین جارە ئاوارە دەبم." هاوسەرەکەی ئەمەل لە مانگی سێدا لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ماڵی دراوسێکەیان کوژراوە.

وتی چووە بۆ کامپی خێمەکانی موساوی کە دەکەوێتە سەر کەنار دەریاکە، بەڵام هیچ شوێنێکی نەدۆزیوەتەوە.

ڕەمەزان عیسای کە لە تەمەنی پەنجاکانیدایە و باوکی پێنج منداڵە، لەگەل 17 ئەندامی خێزانەکەیدا لە خان یونس هەڵاتوون و ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەدان کەسی دیکەدا بەرەو ناوەڕاستی غەززە ڕۆیشتوون.

وتی " هەموو جارێک کە لە شوێنێک نیشتەجێ دەبین و خێمە دروست دەکەین بۆ ژن و منداڵەکان، داگیرکار دێت و بۆردومانی ناوچەکە دەکات. ئەم دۆخە بەرگە ناگیرێت."

وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت بەهۆی جەنگەکەی غەزەوە نزیکەی 40,000 فەلەستینی کوژراون، بەڵام ئاماژە بەوە نادات لەو ژمارەیە چەندییان چەکدار بوون. ڕێکخراوە مرۆییەکان ناتوانن مامەڵە لەگەڵ قەیرانە مرۆییەکەی ناو غەززەدا بکەن، هاوکات شارەزایانی نێودەوڵەتی هۆشدارییانداوە لەسەر کەوتنەوەی برسێتی.

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەی حەماسدا 1200 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون و نزیکەی 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا