ڕۆژی یەکشەممە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا بەرپرسێکی دیکەی باڵای حزبوڵای کوشتووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل لە هێرشێکی ئاسمانی ڕۆژی هەینیدا سەرکردەی گروپەکە حەسەن نەسڕوڵای کوشت.
سوپای ئیسڕائیل وتی نەبیل کاوکی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی حزبوڵا ڕۆژی شەممە کوژراوە. حزبوڵا تا ئێستا لێدوانی لەوبارەیەوە نەداوە و نەشزانراوە هێرشە ئاسمانییەکە کراوەتە سەر کوێ.
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا چەندین بەرپرسی باڵای حزبوڵا کوژراون، بە دامەزرێنەرانی گروپەکەشەوە کە ماوەی دەیان ساڵە خۆیان لە مردن و دەستبەسەرکردن پاراستووە و نزیک بوون لە نەسڕوڵا خۆیەوە.
حزبوڵا ڕووبەڕووی هێرشێکی ئاڵۆز بووەوە بۆ سەر پەیجەر و ئامێرە بێتەلەکانی لە هێرشێکدا کە خراوەتە پاڵ ئیسڕائیل. شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل لە سەرانسەری بەشێکی گەورەی لوبناندا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 1,030 کەس، 156 ژن و 87 منداڵیشیان تێدا بووە، ئەمەش بەپێی وەزارەتی تەندروستی لوبنان.
وەزیری ژینگەی لوبنان ناسڕ یاسین بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت سەدان هەزاران کەسیش بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانەوە لە لوبنان ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە. حکومەتی لوبنان دەڵێت نزیکەی 250,000 کەس لە پەناگەکاندان، سێ بۆ چوار هێندەی ئەو ژمارەیە چوونەتە لای هاوڕێ و خزمانییان، یاخود لەسەر شەقامەکان خێمەیان هەڵداوە.
حزبوڵاش لەلای خۆیەوە بەردوام بووە لە هەڵدانی ڕۆکێت و موشەک بە ئاڕاستەی باکووری ئیسڕائیل، بەڵام زۆربەی ئەو ڕۆکێت و موشەکانە بەرپەرچدراونەتەوە یاخود کەوتوونەتە ناو شوێنی کراوەوە، زیانێکی گیانی و ماددی کەمییان هەبووە.
کاوک ئەندامێکی کۆنی حزبوڵا بووە و خزمەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی هەشتاکان، هەروەها لە ماوەی جەنگی ساڵی 2006 ی نێوان حزبوڵا و ئیسڕائیلدا فەرماندەی هێزەکانی حزبوڵا بووە. زۆرجار لە میدیاکاندا دەرکەوتووە و باسی لە پێشهاتە سیاسیی و پەرەسەندنەکان کردووە، هەروەها لە پرسەی بەرپرسە باڵاکانی حزبوڵادا وتاری داوە. لە ساڵی 2020 دا ئەمەریکا سزای بەسەردا سەپاندووە.
لە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا، حزبوڵا دەستیکرد بە هەڵدانی موشەک و ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ناو ئیسڕائیل. حزبوڵا و حەماس هاوپەیمانن و خۆیان بە بەشێک لە " بەرەی مقاوەمە " دەزانن کە دژی ئیسڕائیلە و ئێران پشتیوانی لێدەکات.
لە وەڵامدا ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئامانجەکانی حزبوڵا لە لوبناندا، ململانێکەش بەردەوام پەرەی سەندووە و مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوانی دروست کردووە.
ئیسڕائیل دەڵێت سوورە لەسەر گەڕانەوەی نزیکەی 60,000 هاووڵاتی ئیسڕائیلی بۆ ماڵەکانی خۆیان لە باکووری ئیسڕائیل، ئەوەش دوای ئەوەی نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە ترسی هێرشەکانی حزبوڵا ناوچەکانییان چۆڵ کرد. حزبوڵا دەڵێت تەنها لە کاتی ئاگربەستێکدا لە غەززە هێرشەکانی ڕادەگرێت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ئەسۆشیەتد پرێس