کۆسۆڤۆ خاڵی سنووری سەرەکی لەگەڵ سڕبیا دادەخات

کۆسۆڤۆ گەورەترین خاڵی سنووری وڵاتەکەی داخست، ئەوەش دوای ئەوەی سڕبییەکانی باکووری کۆسۆڤۆ لە خۆپیشاندانەکاندا ڕێگاکانیان داخست، ئەوەش وەکو پشتیوانییەک لە نەژادییان لە کۆسۆڤۆدا و ڕەتی دەکەنەوە دان بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا بنێن.

تاوەکو ئێستا دوو خاڵی سنووری لەگەڵ سڕبیادا داخراون، لە 10 ی مانگی دوانزەوەدا خاڵێکی سنووری دیکە داخرا، لە ئێستادا تەنها سێ خاڵی سنووری لە نێوان دوو وڵاتەکەدا بە کراوەیی ماونەتەوە.

خۆپیشاندانی سڕبییەکانی کۆسۆڤۆ دوای ئەوە دێت سڕبیا ڕایگەیاند سوپای وڵاتەکەی خستۆتە ئامادەباشییەوە، ئەوەش دوابەدوای چەند هەفتەیەک لە گرژی لە نێوان بێلگراد و پریستینادا.

دەزگایەکی هەواڵی سڕبیا وتی سڕبییەکان ڕۆژی سێشەممە بارهەڵگر و تراکتۆرییان بەکارهێنا بۆ داخستنی ڕێگاکان، ئەو ڕێگایانەش نزیکن لە خاڵی سنووری مێردارییەوە لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کۆسۆڤۆ. بەربەست دانان لەبەردەم ڕێگاکاندا ڕێگری لە هەزاران هاوڵاتی کۆسۆڤۆ کردووە کە کارەکانیان لە شوێنەکانی دیکەی ئەوروپایە و دەیانەوێت بۆ پشووەکان بگەڕێنەوە بۆ کۆسۆڤۆ.

نزیکەی 50,000 سڕبی لە بەشی باکووری کۆسۆڤۆ دەژین کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئەلبانین، ڕەتیشی دەکەنەوە دان بە حکومەتی کۆسۆڤۆ یاخود دەوڵەتی کۆسۆڤۆدا بنێن. دەڵێن بێلگراد پایتەختمانە و لەلایەن سڕبیاوە پشتیوانیمان لێدەکرێت، کە لە ساڵی 2008 دا کۆسۆڤۆ لێی جیابۆوە و سەربەخۆیی ڕاگەیاند.


وەزارەتی دەرەوەی کۆسۆڤۆ لە کاتی ڕاگەیاندنی داخستنی خاڵی سنووری مێرداریدا وتی " ئەگەر پێشتر ڕۆیشتوویتە ناو سڕبیاوە ئەوا دەبێت خاڵێکی سنووری دیکە بەکاربهێنیت، یاخود بە باکووری مەکدۆنیادا بڕۆیت."

لە 10 ی مانگی دوانزەوە سڕبییەکانی باکووری کۆسۆڤۆ چەند بەربەستێکیان لە سەر ڕێگاکانی ناو میترۆڤیکا و دەرەوەی شارەکەدا داناوە، هەروەها پێکدادانیش لەگەڵ پۆلیسی کۆسۆڤۆدا ڕوویداوە، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی پۆلیسی پێشووی سڕبی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ئەو پۆلیسانەی دیکە کە ڕووبەڕووی خۆپیشاندانەکانی پێشووتر بوونەتەوە.

کۆسۆڤۆ کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئەلبانین، لە ساڵی 2008 دا بە پشتیوانی ڕۆژئاوا سەربەخۆیی خۆی لە سڕبیا ڕاگەیاند، ئەوەش دوابەدوای جەنگەکەی ساڵانی 1989-1999 کە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەستی تێوەردا بۆ پاراستنی دانیشوانە ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز