نەیجەر یارمەتییەکان لە دەست دەدات لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرکۆنەی کودەتاکە دەکەن

یەکێتی ئەوروپا و فەڕەنسا پشتیوانییە داراییەکانییان بۆ نەیجەر بڕی و ئەمەریکاش هۆشداری داوە لەسەر بڕینی یارمەتییەکان بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕابەرانی سەربازیی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند سەرۆکی وڵاتەکە محەمەد بازومییان لە کارەکەی دوور خستووەتەوە و دەسەڵاتی وڵاتەکەیان گرتووەتە دەست.

نایجەر یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان، بەپێی بانکی جیهان، نەیجەر ساڵانە بڕی نزیکەی 2 ملیار دۆلار یارمەتی وەردەگرێت. هەروەها هاوبەشێکی ئاسایشی فەڕەنسا و ئەمەریکایە، کە هەردووکییان وەکو بنکەیەک بەکاری دەهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییە ئیسلامییەکان لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئافریکا و ناوچەی ساحیلدا.

تاوەکو ئێستا هاوپەیمانە بیانییەکانی نایجەر ڕەتییان کردووەتەوە دان بنێن بە حکومەتە نوێیەکەدا کە جەنەڕاڵ ئەبدوڕەهامانی تیانی ڕابەرایەتی دەکات.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەگەڵ ڕاگرتنی دەستبەجێی پشتیوانییە داراییەکاندا، سەرجەم هاریکارییەکان لە بوارەکانی ئاسایشدا بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگیراون."

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی فەڕەنسا سەرجەم یارمەتیەکان و پشتیوانییە داراییەکانی بۆ نەیجەر ڕاگرتووە، داوا دەکات سەروەری دەستوور بگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتەکە و بازومیش وەکو سەرۆکی وڵاتەکە دەستبەکار ببێتەوە. لە ساڵی 2022 دا فەڕەنسا نزیکەی 120 ملیۆن یۆرۆی وەکو یارمەتی گەشەپێدان بۆ نەیجەر دابین کرد، پێشبینیش دەکرا لەم ساڵدا تۆزێک لەو بڕە زیاتر بێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " ئەو یارمەتییە گرنگانەی کە بۆ خەڵکی نەیجەری دابین دەکەین بە ئاشکرا لە مەترسیدان."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا دوو بنکەی سەربازیی لە نەیجەر هەیە و نزیکەی 1100 سەربازی لەو وڵاتەدا هەیە، پێشتریش سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ گەشەپێدانی ئاسایش و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ وڵاتەکە تەرخان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز