دوای هێرشکردنە سەر کچێک بە چەقۆ لە لەندەن، هاووڵاتیەکی ڕۆمانیایی دادگایی دەکرێت

ڕۆژی سێشەممە پیاوێک بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن لە لەندەن دادگاییکرا، ئەوەش دوای ئەوەی کچێکی تەمەن 11 ساڵ لە ناوچەیەکی قەرەباڵغی گەشتیاریدا لە لەندەن بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر.

لۆن پینتاروی تەمەن 32 ساڵ لە دادگای وێستمینیستەر مێگیسترەیتسدا دادگایی دەکرێت، پینتارۆ هاووڵاتیەکی ڕۆمانیاییە و شوێنێکی دیاریکراویی نیە بۆ مانەوە.

ڕۆژی دووشەممە کچەکە و دایکی لە گۆڕەپانی لێستەر هێرشییان کرایەسەر.

داواکاری گشتی وتی پینتارو " لە کچەکە نزیک بووەتەوە و سەری گرتووە و دواتر هەشت جار بە چەقۆ لێی داوە."

وتیشی کچەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و برینەکانی مەترسییان لەسەر ژیانی دروست نەکردووە. ڕووخسار و قۆڵی و مەچەک و ملی بریندار بووە.

پۆلیس وتی باوەڕ ناکات پیاوەکە کچەکەی ناسیبێت.

پینتارو دەستبەسەرە و لە 10 ی مانگی نۆدا جارێکی دیکە دادگایی دەکرێتەوە.

هێرشەکە کە لە ناوەڕاستی لەندەندا ڕوویدا لە بەردەم دوکانە براندەکاندا کە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، دوو هەفتە دوای ئەوە دێت سێ کچ لە باکووری ڕۆژئاوای بەڕیتانیا بە چەقۆ هێرش کرایە سەرییان و کوژران، هەشت منداڵ و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

کوژرانی سێ کچەکە بووە هۆی کەوتنەوەی پشێوییەکی سەرتاسەری لە بەڕیتانیادا، ئەوەش دوای ئەوەی هەواڵێکی ناڕاست لە ئۆنلاین بڵاوکرایەوە کە گوایە هێرشبەرەکە کۆچبەرێکی موسوڵمان بووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس