ڕووسیا چیتر پێشوەخت ئەمەریکا ئاگادار ناکاتەوە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی موشەکی

دیبلۆماتکارێکی باڵای ڕووسیا دەڵێت مۆسکۆ چیتر پێشوەخت ئەمەریکا ئاگادار ناکاتەوە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی، هاوکات سوپای ڕووسیا موشەک هاوێژەری لە سەرانسەری سایبیریادا بڵاوکردەوە، ئەوەش وەکو دەرخستنی توانا ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە لە نێوەندی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا.

جێی ئاماژەیە ڕووسیا لەمدواییانەدا بەشداریکردنی لە پەیماننامەی نیوستارتی سنووردارکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکادا هەڵوەشاندەوە، کە بەپێی پەیماننامەکە دوو وڵاتەکە دەبێت زانیارییەکان سەبارەت بە تاقیکردنەوەی چەکەکان و بڵاوکردنەوەیان ئاڵوگۆڕ بکەن.

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤ بە دەزگاکانی هەواڵی ڕووسیای وت مۆسکۆ سەرجەم ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکانی لەگەڵ واشنتندا ڕاگرتووە.

جگە لەوەی هەموو شەش مانگێک بەپێی پەیماننامەی نیو ستارت دوو وڵاتەکە زانیارییەکانیان سەبارەت بە " دۆخی ئێستای هێزە ئەتۆمییەکەیان " ئاڵوگۆڕ دەکرد، هاوکات پێش ئەنجامدانی هەر تاقیکردنەوەیەکی موشەکی و گواستنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانیان پێشوەخت یەکترییان ئاگادار دەکردەوە. ئەو جۆرە ئاگادار کردنەوەیە بەشێکی گرنگی ئەو جێگیرییە ستراتیژییە بووە کە دەیان ساڵە هەیە، هەروەها ئەو ئاگادارکردنەوەیە ڕێگەی بە ئەمەریکا و ڕووسیا دەدا بە شێوەیەکی ڕاست لێکدانەوە بۆ هەنگاوەکانی یەکتر بکەن و دڵنیا دەبوونەوە لەوەی هیچ کامێکیان تاقیکردنەوەی موشەکی بە هێرشی موشەکی تێنەگەن.

مانگی ڕابردوو مۆسکۆ بەشداریکردنی لە پەیماننامەی نیو ستارتدا هەڵوەشاندەوە، وتی ڕووسیا ناتوانێت پشکنینەکانی ئەمەریکا بۆ کارخانە ئەتۆمییەکانی بەپێی پەیماننامەکە پەسەند بکات، لە کاتێکدا کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆدا بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە " شکستی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ئامانجییانە." مۆسکۆ جەختی لەوە کردەوە کە لە پەیماننامەکە نەکشاوەتەوە و بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بەو سنوورانەی کە پەیماننامەکە دیاریکردوون بۆ بڵاوکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی.

تاوەکو ئێستا ڕوون نیە کە ئایا لێدوانەکانی ڕیابکۆڤ ئاماژەیەک بووە بۆ نیازەکانی مۆسکۆ بۆ نەهێشتنی سەرجەم ئاگادارکردنەوەکان لەسەر تاقیکردنەوە موشەکییەکان یاخود بەس بۆ ئەوانەی کە لە پەیماننامەی نیو ستارتدا باسییان لێوە کراوە.

ئەمەریکا و مۆسکۆ لە سەردەمی جەنگی ساردەوە بەردەوام پێشوەخت یەکترییان ئاگادار کردۆتەوە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی موشەکی باڵیستیکی، مانگی ڕابردووش وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت بەپێی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1988 ی نێوان ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا مۆسکۆ پێشوەخت ئاگادارکردنەوە دەدات لەسەر تاقیکردنەوە موشەکییەکانی، ڕیابکۆڤ بە دەزگا هەواڵییەکانی وت " هیچ ئاگادارکردنەوەیەک نابێت. سەرجەم ئاگادارکردنەوەکان و سەرجەم جۆرکانی و هەموو چالاکییەکان لە چوارچێوەی پەیماننامەکەدا ڕادەگیرێن و ناکرێن، سەرەڕای هەر هەڵوێستێک کە ئەمەریکا دەیگرێتەبەر."

پشکنینی کارخانە ئەتۆمییەکان بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ساڵی 2020 ەوە ڕاگیراون، دەبووایە گفتوگۆکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان لە مانگی یانزەی ساڵی 2022 دا بەڕێوەبچوونایە، بەڵام ڕووسیا بەپەلە گفتوگۆکانی هەڵوەشاندەوە و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی مەشقە سەربازییەکانی ڕووسیا کە ڕۆژی چوارشەممە دەستیان پێکرد، تیایدا موشەک هاوێژەرەکانی یارس لە سێ هەرێمی سایبیریادا جوڵەیان پێدەکرێت. جووڵەکان بریتی دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ شاردنەوەی ڕەوانەکردنی چەک و سەربازەکان لە مانگە دەستکردە بیانییەکان و ئامڕازە هەواڵگرییەکانی دیکە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە نەدا مەشقەکان چەن دەخایەنن یاخود ئایا لە مەشقەکەدا موشەک تاقی دەکرێتەوە یاخود نا. یارس موشەکێکی کیشوەربڕی باڵیستیکییە کە مەوداکەی نزیکەی 11,000 کیلۆمەترە، بە بڕبڕەی پشتی هێزی موشەکی ستراتیژی ڕووسیا دادەنرێت.

سەرچاوە/ AP