شارەزایان دەڵێن پشتگوێخستنی قەیرانەکانی سوریا مەترسی ناسەقامگیری زیاتری ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە

دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا، نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە سوریا بووەتە مەترسیدارترین شوێن بۆ هاووڵاتییانی سڤیل، ئاماژە دەدات بە حکومەتە سەرکوتکارەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کە بووە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و هێشتا لە دەسەڵاتدایە و بەردەوامە لە زیادکردنی توندوتیژییەکان لە چەندین بەرەوە.

هەماهەنگیکاری یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ئادەم عەبدلمولا لە کۆنفرانسێکدا لە جنێڤ وتی " قەیرانی سوریا هێشتا لە جیهاندا کوشندەترینە بۆ هاووڵاتییانی سڤیل. توندوتیژییەکان لە چەندین شوێنی سوریا بەردەوامن و لەمدواییانەشدا زیاتر بوون، بە تایبەتی لە باکووری سوریادا."

ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیکردن لە کاروبارە مرۆییەکاندا دەڵێت لە ماوەی 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2023 دا بەهۆی ململانێکانەوە 454 هاووڵاتی سڤیل لە سوریا کوژراون، 88 ژن و 115 منداڵانییان تێدا بووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت جەنگەکەی ناو سوریا کە لە 15 ی مانگی سێی ساڵی 2011 دا دەستیپێکرد، بەپێی ئەو خەمڵاندنەی کە کراوە بووەتە هۆی کوژرانی 300,000 کەس، زیاتر لە 12 ملیۆن هاووڵاتیشی ئاوارەبوون، 6.8 ملیۆن کەسییان لە ناوخۆی سوریادا ئاوارەبوون و 5.4 ملیۆنی دیکەیان ئاوارەی پێنج وڵاتی دراوسێی سوریا بوون.

عەبدلمولا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا وتی " ئەمڕۆ 16.7 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستییان بە یارمەتی مرۆییە." ئاماژەی بەوەدا نزیکەی 13 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

وتی ئابووری سوریا لە ڕووخاندایە و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک لە وڵاتەکەدا. وتی " ڕۆژانە دەبیستین خەڵکەکە دەستبەرداری ژەمەکانییان دەبن، منداڵەکانییان لە قوتابخانەکان دەهێننە دەرەوە تاوەکو یارمەتییان بدەن لە پەیداکردنی بژێوی ژیاندا بۆ خێزانەکانییان، یاخود دایکەکان واز لە دەرمانەکانییان دەهێنن تاوەکو خۆراک بدەن بە منداڵەکانییان. ئەمە بێویژدانییە."

لە کاتێکدا کە ئەو باردۆخەی لە سوریادا دروست بووە دەستکردە، کارەساتە سروشتییەکان و گۆڕانی کەش و هەواش بارودۆخەکەیان خراپتر کردووە.

ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیکردن لە کاروبارە مرۆییەکاندا دەڵێت بومەلەرزە ڕووخێنەرەکەی مانگی دووی ساڵی 2023 لە باکووری سوریا بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 6000 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 12,800 کەسی دیکە، بومەلەرزەکە " فشارەکانی سەر خزمەتگوزارییەکانی زیاتر کرد، بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتری خەڵکەکە، هەروەها زیانێکی بەرفراوانیشی لێکەوتەوە. زۆرێک لە خێزانەکان سەرچاوەی داهاتیان لە دەستدا لە کاتێکدا کە دۆخی ئابووری وڵاتەکە پێشتریش هەر خراپ بوو."

وتیشی هەفتەی ڕابردوو بەهۆی دوو ڕۆژ لە باران بارینی زۆر و کەوتنەوەی لافاوەوە زیاتر لە 15,700 کەس لە چەندین کامپی ئاوارەکان لە ئیدلیب و باکووری حەلەب زیانییان بەرکەوت. دەشڵێت زیاتر لە 3,300 خێمەی خێزانەکان زیانییان بەرکەوتووە و لەم ساڵدا 500 خێمەیان لە زیاتر لە 100 ڕووداوی لافاودا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا لە ناوچوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 4.07 ملیار دۆلار دەکات بۆ دابینکردنی یارمەتی مرۆیی ژیان ڕزگارکەر بۆ 10.8 ملیۆن کەس لە کۆی 16.7 ملیۆن کە لەم ساڵدا پێویستییان بە یارمەتییە.

عەبدلمولا دەڵێت ئەو پارەیە بوونی نیە و کاریگەرییەکانی جەنگەکەی ناو غەززە و قەیرانەکانی دیکە قورسی کردووە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیت بۆ سوریا دەستبکەوێت.

هەروەها هۆشداریدا و وتی پشتگوێخستنی قەیرانەکانی سوریا ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی لێشاوێکی دیکەی پەنابەران بۆ وڵاتانی وەکو لوبنان و ئوردن، کە پێشتر بەهۆی وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوریاییەوە قورساییەکی زۆر کەوتووەتە سەرییان.

وتی " دەکرێت دۆخێک ببینین کە تێیدا کۆچکردن بۆ ئەوروپا زیاد دەبێت." وتیشی ژمارەی کۆچکردنەکان بۆ ئەوروپا زیادیکردووە.

وتی " لە ساڵی 2023 دا 181,000 پەنابەر داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە لە ئەوروپادا. ئەوەش لە سەدا 38 زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022 دا."