سەرچاوە تورکییەکان دەڵێن چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سوریا دەچنە شاری مەنبەجی باکوری سوریاوە

سەرچاوەیەکی ئاسایشی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە وتی گروپە یاخیبووە چەکدارییەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت چوونەتە ناو شاری مەنبجی باکووری سوریاوە، ئەوەش دوای ئەوەی " کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەرییان لە ژێر دەستی هێزە کوردییەکانی هاوپەیمانی ئەمەریکا دەرکردووە."

ڕۆژی یەکشەممە گروپە یاخیبووە چەکدارییەکانی سوریا لە باشووری وڵاتەکە دوورخستنەوەی بەشار ئەسەدییان ڕاگەیاند، ئەوەش دوای کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشقی پایتەخت، گروپە چەکدارییەکانی باشوور هاوپەیمانی گروپە چەکدارییەکانی باکوورن کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

مەنبج دەمێکەیە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکاندایە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعشدا. سەرچاوەکە وتی هێزەکان بە پشتیوانی تورکیا لە سەدا 80 ی ناوچەی مەنبجییان کۆنتڕۆڵ کردووە و چوونەتە ناو شارەکەوە.

بەڵام هێزە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە ڕابردوودا چەندین جار بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی تورکیا، وتییان هێشتا شەڕ لەگەڵ یاخیبووەکاندا دەکەن لە شارەکەدا.

شاری مەنبج نزیکەی 30 کم لە سنووری باشووری تورکیاوە دوورە.

هێزە کوردییەکان " یەپەگە " ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە شان بە شانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژی ڕێکخراوی داعش. تورکیا دەڵێت یەپەگە " گروپێکی تیرۆریستییە و لە نزیکەوە پەیوەندی هەیە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا " کە ماوەی 40 ساڵە لە ململانێدایە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز