دوو سەرچاوەی کرێملن دەڵێن، بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سوریا و خێزانەکەی گەیشتوونەتە ڕووسیا.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕووسیاوە مافی پەنابەرێتی بە ئەسەد و خێزانەکەی دراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری ئەو سەرچاوانەی کە ناویان ئاشکرا نەکراوە ڕایگەیاندووە " سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد گەیشتە مۆسکۆ. ڕووسیا مافی پەنابەرێتی بە خۆی و خێزانەکەی داوە لەسەر بنەمای مرۆیی."
لە ماوەی شەڕی نزیکەی 14 ساڵەی سوریادا ڕووسیا و ئێران پشتیوانی سەرەکی بەشار ئەسەد بوون.
دوابەدوای پێشکەوتنی خێرا و ئاسانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە هەفتەی ڕابردوو و دەستبەسەرداگرتنی شارەکانی حەلەب، حومس و دەرعا، ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرنگارییەکی قورسی هێزەکانی حکومەت ببنەوە، توانیان بگەنە دیمەشقی پایتەختی سوریا.
بە چوونی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو دیمەشق و هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە سوریا، دەسەڵاتی پەنجا و سێ ساڵەی بنەماڵەی "عەلەوی" ئەسعەد لەو وڵاتەشدا کۆتایی هات.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز