ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت بەهۆی هێرشێکی دڕۆنی تورکیاوە لە لە باکووری سوریا 11 هاووڵاتی سڤیل کوژراون و شەش منداڵیشییان تێدایە. میدیا ناوخۆییەکانی ناوچەکە ژمارەی کوژراوەکانیان بە 12 کەس ڕاگەیاندووە.
هێرشەکە ڕۆژێک دوای ئەوە بوو کە سەرهەڵداوان بە سەرۆکایەتی گرووپی توندڕەوی هەیئەت تەحریرئەلشام، بەشار ئەسەدییان لە سوریا لەسەر دەسەڵات دوورخستەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دیمەشقی پایتەختیان کۆنتڕۆڵ کرد.
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت " یانزە هاووڵاتی سڤیل، بە شەش منداڵیشەوە، کە سەرجەمییان سەر بە یەک خێزان بوون، لە هێرشێکی دڕۆنی تورکیادا بۆ سەر ماڵێک لە نزیک عەین عیسای باکووری شاری ڕەقە کوژراون، لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا."
فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەڵێت "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە داگیرکەری تورکیا لە گوندی ئەلمستریحەی سەر بە عەین عیسا لە باکووری شاری ڕەقە کۆمەڵکوژییەکی ترسناکی دژی تەواوی خێزانێک ئەنجام دەدات و لە ئەنجامدا 12 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە بە 6 مندالیشەوە."
لە ساڵی 2016 ەوە هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری چەند بەشێکی باکووری سوریایان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی کە هێزە کوردییەکانییان لە باکووری سوریا کردە ئامانج.
ڕۆژی یەکشەممە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و چەندین سەرچاوەی هەیە لە سەرانسەری سوریادا، وتی لانیکەم 26 شەڕکەر کوژراون لە کاتێکدا کە چەکدارە سورییاییەکان بە پشتیوانی تورکیا هێرشییان کردە سەر ناوچەی مەنبج کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای عەین عیساوە.
ڕوانگە وتی " گروپەکانی لایەنگری تورکیا ناوچەیەکی زۆرییان لە شاری مەنبج لە ڕۆژهەڵاتی حەلەبەوە گرتووە، ئەوەش دوای شەڕ و پێکدادانێکی توند لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازیی مەنبجدا."
ئەنجومەنەکە سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە لەلایەن کوردەوە سەرکردایەتی دەکرێن و ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات، سوپای بەڕێوبەرایەتی خۆسەری کوردەکانە کە کۆنتڕۆڵی زۆربەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایە.
گروپە چەکدارییەکان بە پشتیوانی تورکیا وتییان " زۆربەی شاری مەنبجییان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەوەش دوای شەڕ و پێکدادانێکی توند."
پێشتر لەم مانگەدا ڕوانگەی سوری وتی چەکدارانی لایەنگری تورکیا شاری تەلڕەفعەتییان لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکاندا دەرکردووە.
جێی ئاماژەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کوردەکان سەرکردایەتی دەکات و لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە سەرکردایەتیکردنی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا.
تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد کە لە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا باڵادەستن بە لقێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنێت. لە ساڵی 2022 دا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی لەشکرکێشییەکی نوێی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سێ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە باکووری سوریادا، بە تەلڕەفعەتیشەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس