هاوپەیمانێکی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە سەرکردەی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان کرد دوای کۆبوونەوەکەی دواتری لەگەڵ پارتی دەمدا هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی ڕابگەیەنێت.
لێدوانەکەی دەڤڵەت باخچەلی سەرکردەی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا دوای کۆبوونەوەیەکی دەگمەنی نێوان بەرپرسانی پارتی دەمی لایەنگری کورد و ئۆجەلاندا هات کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچوو.
دوو سەرچاوەی پارتی دەم هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆیتەرزییان وت دوای ئەو کۆبوونەوەیە، لە زاری ئۆجەلانەوە بڵاوکرایەوە کە ئارەزوویەکی هەیە بۆ ئەوەی داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان بکات چەک دابنێن. ڕۆژی چوارشەممە پارتەکە جارێکی دیکە لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆدەبێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە باخچەلی بە پەرلەمانی وت " لە دووەم کۆبوونەوەی نێوان شاندەکەی دەم و ئۆجەلاندا، دەبێت بەبێ هیچ مەرجێک ڕابگەیەندرێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان کۆتایی هاتووە."
هاوسەرۆکی پارتی دەم تونچەر بەکیرهان دوای لێدوانەکانی باخچەلی وتی پارتەکەی لە پاڵ لێدوانەکانی ئۆجەلاندا دەوەستێت و ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەت بجوڵێت.
وتیشی " ئۆجەلان وتی دەسەڵاتی هەیە ئاشتی بەرپا بکات، ئێستا نۆرەی حکومەتە. حکومەت دەبێت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بە دیموکراتیکردن و پرسی کورد."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز