تورکیا شارەدارێکی دیکەی سەر بە هەدەپە دەستگیر دەکات

سەرچاوەیەکی ئاسایشی تورکی گوتی ؛ لە نوێترین گرتنەبەری رێکاری توند بەرامبەر شارەدارانی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ، دەسەڵاتدارنی تورکیا ئەمڕۆ هەینی شارەدارێکی دیکەی سەر بە پارتی ئاماژەپێکدراویان بە گومانی پەیوەندی بە ملیتانانی کوردییەوە دەستگیر کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاسایشی خاتو "فلز بولوتەکن" شارەداری ناوچەی " سور " ی سەر بە پارێزگای دیاربەکر لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا ئەمڕۆ دەستبەسەر کرا ، گوتیشی دوو ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی دیکەش دەستگیر کران.

سەبارەت بە دەستگیرکردنەکان ، پارتی دیموکراتی گەلان گوتی؛ هێزەکانی پۆلیسی تورکیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی بولوتەکن . هاوکات پارتی ناوبراو لە سەر تویتەری خۆی ئەو وێنانەی بڵاوکردوەتەوە کە تیایاندا هیزەکانی پۆلیس چواردەوری باڵەخانەی شارەوانی ناوچەکەیان داوە. پارێزەری فلز بولوتەکن بە ئاژانسی هەواڵەکانی رۆیتەرزی گوتوە پۆلیس خاتو فلز و کۆڕەکەی و هاوسەرەکەیان دابوو بە زەویدا و لولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستە کردبوون لە کاتی هەڵمەتەکەدا.

ئەوەی جێی ئاماژەیە ؛ سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان و حوکمەتەکەی؛ هەدەپە تۆمەتبار دەکەن بەوەی پەیوەندیان لەگەڵ ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان هەیە ، ئەو تۆمەتەی بە هۆیەوە بوەتە مایەی لێپێچینەوە لە هەزاران لە ئەندامانی هەدەپە و ژمارەیەک لە رابەرانیشیان. هەرچی هەدەپەیە نکوڵی لەو تۆمەتانە دەکات ئەوانەی حوکمەتی تورکیا داونێتێ پاڵی.

لە دەمی هەڵبژاردنەکانی بەهاری ئەم ساڵەوە ؛ ئەنکەرە 31 بریکاری شارەداری بۆ شارەوانیەکانی هەدەپە داناوە لە شار و شارۆچکەکانی باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا.