تورکیا لە باشوری ڕۆژهەڵات سەرۆک شارەوانییەکانی لایەنگری کورد لادەبات و بەرپرسانی دەوڵەت دەخاتە شوێنییان

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە تورکیا سێ سەرۆک شارەوانی لایەنگری کوردی لە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە لابردووە کە هەر سێکییان هەڵبژێردرابوون، ئەوەش بە هۆکاری تۆمەتەکانی پەیوەست بە تیرۆرەوە، بەرپرسانی دەوڵەتیشی لە بری ئەوان لەو پۆستانەدا داناوە.

وتیشی فەرمانڕەوا ناوخۆییەکان لە شارەکانی ماردین و باتمان شوێنی سەرۆک شارەوانییەکانییان گرتووەتەوە، هاوکات سەرۆک شارەوانی هالفێتی لە پارێزگای سەنلیورفاش لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

سەرجەم سەرۆک شارەوانییە دوورخراوەکان سەر بە پارتی دەمی لایەنگری کوردەکان بوون، کە 57 کورسی هەیە لە پەرلەمانی نیشتیمانی تورکیادا. لە ڕابردوودا دەیان سەرۆک شارەوانی لایەنگری کورد لەسەر تۆمەتی هاوشێوە لە کارەکانییان دوورخراونەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆک شارەوانییەکی سەر بە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پارتی گەلانی کۆماری دەستگیرکرا دوای ئەوەی داواکاران تۆمەتبارییان کرد بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە کە تورکیا بە گروپێکی " تیرۆریست " ناساندوویەتی.

تۆمەتەکان دوابەدوای ئەوە دێت مانگی ڕابردوو هاوپەیمانێکی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشنیارێکی کرد کە ئامانج لێی کۆتایی هێنان بوو بە ململانێ چل ساڵەییەکەی تورکیا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز