دادگای باڵای بەڕیتانیا دەڵێت پلانەکانی بەڕیتانیا بۆ ڕەوانەکردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا یاساییە

دادگای باڵای بەڕیتانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند پلانەکەی حکومەتی وڵاتەکە بۆ ڕەوانەکردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا یاساییە.

حکومەتی بەڕیتانیا لەگەڵ ڕواندادا ڕێککەوتووە لەسەر ئەوەی بەڕیتانیا ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە بەڕیتانیاوە ڕەوانەی ڕواندا دەکات.

بەپێی ڕێککەوتنەکەی بەڕیتانیا لەگەڵ ڕواندادا، ئەو داواکارانەی کە مافی پەنابەرێتییان دەدرێتێ دەتوانن لە ڕواندا بمێننەوە، بەڵام ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ بەڕیتانیا.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ڕێککەوتنەکەی بەڕیتانیا لەگەڵ ڕواندادا نامرۆییە و وڵاتە ئەفریقییەکەش توانای ئەوەی نیە پڕۆسەی پەناخوازەکان بکات.

سیاسییەکانی بەڕیتانیا دەڵێن پلانەکە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی لێشاوی کۆچبەران بۆ بەڕیتانیا.

لەم ساڵدا زیاتر لە 40,000 کۆچبەر بە کەناڵی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە و گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەڕیتانیا. هەفتەی ڕابردوو چوار کەس لە کەناڵی ئینگلیز بەلەمەکەیان هەڵگەڕایەوە و گیانییان لە دەستدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا