نزیکەی 70 وڵات و دامەزراوەی سەرانسەری جیهان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بەڵێنیاندا زیاتر لە 1 ملیار یۆرۆ دەستبەجێ تەرخان بکەن بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا تاوەکو وەرزی سەختی زستان بەڕێبکات، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بۆردومانی ژێرخانەکانی وزە و ژێرخانەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا دەکەن.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە فەڕەنسا میوانداری کردبوو بۆ تاوتوێکردنی ئەوەی دەکرێت لە ئێستاوە تاوەکو مانگی پێنج چی بدرێت بە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە ئاو و خۆراک و وزە و پێداویستی تەندروستی لەم وەرزی سەختی زستانەدا لێنەبڕێت.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا وتی بەڵێندراوە زیاتر لە 1 ملیار یۆرۆ بدرێت بە ئۆکرانیا و 450 ملیۆنی دیکە تەرخان بکرێت بۆ کەرتی وزەی ئۆکرانیا کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیاوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە. وتیشی بەشدار بوونی ئەو وڵاتانەی کە ڕۆژئاوایی نین وەکو قەتەڕ و کەمبۆدیا، فراوانبوونی پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکرانیا پیشاندا.
ئەو یارمەتییەی کە دەمێنێتەوە تەرخان دەکرێت بۆ پشتیوانیکردن لە کەرتەکانی خۆراک و تەندروستی و ئاو و گواستنەوەی ئۆکرانیا، وتیشی 500 ملیۆن یۆرۆی دیکەش تەرخانکراوە.
سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیهاڵ لە پاریس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە نیشانەیەکی بەهێزە بۆ دەرخستنی ئەوەی جیهانی شارستانی پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەن. ئێمە سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکەین کە لە کاتی ناڵاندنماندا بە دەست دوژمنکارییەکەی ڕووسیاوە دژی خاک و ژێرخانی مەدەنیمانەوە لە پاڵماندا دەمێننەوە."
کۆنفرانسەکەی پاریس بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا دەرفەتێکیش بوو بۆ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن تاوەکو هاوسۆزی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەرببڕێت. ماکرۆن لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و کیێڤەوە ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر ئاستی پشتیوانییە سەربازییەکانی سوپای فەڕەنسا و لێدوانەکانی سەبارەت بە پێویستیی پاراستنی گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا.
دیبلۆماتکاران دەڵێن وڵاتانی باڵتیک و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانن لە لێدوانەکانی ماکرۆن سەبارەت بە ئەگەری پێدانی گرەنتی ئاسایش بە ڕووسیا، ڕۆژی دووشەممە ئەو وڵاتانە بە فەڕمی ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە و هەڵوێستی خۆیان بۆ فەڕەنسا ڕوون کردۆتەوە.
سەرۆکایەتی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەداوە لێدوانەکانی ماکرۆن بە تایبەتی سەبارەت بە پێدانی گرەنتی ئاسایش بە ڕووسیا بە هەڵە وەرگیراون و پاریس هەرگیز دوودڵ نەبووە لە پشتیوانیکردن لە کیێڤ.
ماکرۆن لە وتارەکەیدا لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا وتی " لەو کاتەوەی ئۆکرانیا هەستایەوە، ڕووسیا کە لاوازیی سوپاکەی دەرکەوت، ستراتیژییەکی کینایەتی پەیڕەو کردووە کە تیایدا ژێرخانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج تاوەکو ئۆکرانیا بخاتە سەر چۆک." هاوکات پشتیوانی لە 10 خاڵە پێشنیارکراوەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کرد بۆ ئاشتی.
ماکرۆن وتی " بەرامبەر هەر سەرکەوتنێکی وڵاتەکەتان لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، وەڵامدانەوەی ترسنۆکانەی ڕووسیا بۆردومانکردنی ژێرخانەکانی کارەبا و گاز و ئاو بووە کە پێویستن بۆ ڕزگاربوونی هاوڵاتیان لەم زستانەدا."
وتیشی فەڕەنسا لە مانگی یانزەدا 100 بزوێنەری کارەبای داوە بە ئۆکرانیا و ئێستاش 63 بزوێنەری دیکەی دەداتێ. لەگەڵ ئەوەشدا 48,5 ملیۆن یۆرۆشی دەداتێ. ماکرۆن ئەوەشی خستەڕوو یارمەتییەکانی فەڕەنسا لەم ساڵدا دەگاتە 200 ملیۆن یۆرۆ.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لە کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد و وتی ئۆکرانیا پێویستی بە لانیکەم 800 ملیۆن یۆرۆ هەیە تاوەکو ڕووبەڕووی " تیرۆری وزە " لەلایەن ڕووسیاوە ببێتەوە و هەروەها یارمەتی ئۆکرانییەکان بدات ئەم زستانەی پێ بەڕێ بکەن.
وتی " زۆرە بەڵام نرخەکە کەمترە لە نرخی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا."
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێوان فەڕەنسا و ئۆکرانیا و نزیکەی 500 کۆمپانیای فەڕەنسیدا تاوتوێی ئەوە دەکرێت دەتوانرێت وەبەرهێنان لە چیدا بکرێت بۆ یارمەتیدانی کیێڤ لە ماوەیەکی کورتخایەنەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز