ئۆکرانیا بەڵێن دەدات بۆمبی کۆکراوە لە ڕووسیا بەکارنەهێنێت

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد بۆ ڕەوانەکردنی بۆمبی کۆکراوە بۆ ئۆکرانیا، وتی ئەو چەکە یارمەتیدەر دەبێت لە ڕزگارکردنی ناوچەکانی ئۆکرانیادا، بەڵام لە هەمان کاتدا بەڵێنیدا ئەو چەکە لە ڕووسیادا بەکارنەهێنن.

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا ڕایگەیاند وەکو بەشێک لە یارمەتییە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کە بەهاکەی دەگاتە 800 ملیۆن دۆلار، واشنتن بۆمبی کۆکراوە دەدات بە ئۆکرانیا. تاوەکو ئێستا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ئەمەریکا بە بڕی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە.

ڕێزنیکۆڤ وتی بۆمبەکە یارمەتیدەر دەبێت لە ڕزگارکردنی ژیانی سەربازانی ئۆکرانیادا، وتیشی ئۆکرانیا بەکارهێنانی بۆمبەکان تۆمار دەکات و لەگەڵ هاوبەشەکانیدا زانیاری لەو بارەیەوە دەگۆڕنەوە.

وتی " هەڵوێستمان سادە و ڕوونە، پێویستمانە ئەو ناوچانەمان کە بە شێوەیەکی کاتی داگیرکراون ڕزگار بکەین و ژیانی خەڵکەکەمان ڕزگار بکەین."

وتیشی " تەنها بۆ ڕزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانمان بەکاریدەهێنین کە ئەو ناوچانە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەکو ناوچەی ئۆکرانیا دانییان پێدانراوە. تەقەمەنییەکان لەو ناوچانەدا بەکارناهێندرێن کە بە فەڕمی ناوچەی ڕووسیان."

ڕۆژی هەینی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەزانین کە تەقەمەنی ' بۆمبی ' کۆکراوە مەترسی دەبێت لەسەر زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی سڤیل بەهۆی ئەو بۆمبانەوە کە ڕەنگە نەتەقنەوە. لەبەر ئەوەیە تاوەکو توانیمان خۆمان بە دوورگرت لەو بڕیارە."

وتیشی " بەڵام مەترسییەکی گەورەی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی سڤیل هەیە ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا و تانکەکانییان بەسەر شوێنەکانی ئۆکرانییەکاندا بڕۆن و ناوچەی زیاتری ئۆکرانیا بگرن و هاووڵاتی زیاتری ئۆکرانی ژێردەستە بکەن، بەس لەبەرئەوەی کە ئۆکرانیا تۆپهاوێژی پێویستی نییە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز