ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی لە باخموت هێشتا لە پێشڕەویدان

بەرپرسێکی سەر بە ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا هێشتا لە شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکەن، بەڵام هەواڵگری بەڕیتانیا دەڵێت یەکەی تانکەکانی ڕووسیا لە شارۆچکەی ئادڤیکای نزیک باخموت زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

ماوەی چەند مانگێکە ڕووسیا سەنگی هێرشەکانی خستۆتە سەر شاری باخموت و شەڕێکی سەختی تێدایە.

ڕابەری ئەو بەشەی هەرێمی دۆنێتسک کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی مۆسکۆدایە، دێنیس پوشیلین، وتی زۆربەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە کارگەی ئاسنی ئازۆم بەرەو بەشی ڕۆژئاوای ڕووباری باخموتکا لە شارەکەدا کشاونەتەوە.

پوشیلین بە کەناڵی ڕووسیای وت " گرنگترین شت پاککردنەوەی ناوچە پیشەسازییەکەیە لە ناو وێستگەکە خۆیدا، بە کرداری ئەوە ئێستا کراوە، کوڕەکان چەکدارە ئۆکرانییەکان لە ناو دەبەن کە تەنها بە گروپی تاکەکەسی ماونەتەوە."

بانگەشەکەی پوشیلین پێچەوانەی لێدوانەکانی ئۆکرانیا و ڕۆژئاوایە سەبارەت بە دۆخەکەی باخموت کە دەڵێن دۆخەکە جێگیرە و هێرشە زستانەییەکەی ڕووسیا خاو کراوەتەوە.

فەرماندە سەربازییەکانی ئۆکرانیا دەڵێن هێرشە پێچەوانەکەی خۆیان نزیک بۆتەوە کە بە پشتیوانی ئەو چەکە نوێیانە ئەنجامی دەدەن کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پێیان دراوە، لەوانەش تانکی لیۆپاردی 2 ی ئەڵمانی. بەڵام جەختی لە گرنگی ڕێگرتن لە کەوتنی باخموت کردەوە لە ئێستادا.

هێزەکانی ڕووسیا لە هەمان کاتدا بۆردومانی ئادڤیکاشییان کردووە، کە 99 کم لە باخموتەوە دوورە و دەکەوێتە باشووری شارەکەوە. ئێستا زۆربەی هاوڵاتیانی مەدەنی شارۆچکەکەیان جێهێشتووە.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی هێزەکانی ڕووسیا " پێشڕەوییەکی زۆر کەمییان کردووە " لە هەوڵێکدا بۆ گەمارۆدانی ئادڤیکا لەم چەند ڕۆژەی دواییدا و ژمارەیەکی زۆر لە تانک و ئوتومبێلە زریپۆشەکانیان لە دەستداوە.

وەزارەتەکە وتی یەکەی 10 ی تانکی ڕووسیا، کە بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئادڤیکادا، ڕووبەڕووی کێشەی کەمی مۆڕاڵ و ڕێکخستنی خراپ بۆتەوە و " ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر لە تانکەکانی لە دەستدابێت."

هێزەکانی ئۆکرانیا ئاماژەشیان بەوەدا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەرپەرچی 62 هێرشی ڕووسیایان داوەتەوە بە درێژایی بەرەی ڕۆژهەڵات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز