ئۆکرانیا دەڵێت 24 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیای خستووەتە خوارەوە

سەربازێکی ئۆکرانیا چەکێکی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنێت

ڕۆژی دووشەممە سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند 24 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە کە ڕووسیا شەوی ڕابردوو بەکاریهێناون بۆ هێرشکردنە سەر چەندین ناوچە لە وڵاتەکەدا.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی بەرپەرچدانەوەکان بەسەر هەرێمەکانی دنیپرۆپیترۆڤسک و خارکیڤ و کیرۆڤۆهراد و کیێڤ و پۆڵتاڤا و سومی و ڤینیتسیاوە بوون.

فەرمانڕەوای هەریمی دنیپرۆپیترۆڤسک سێرهێی لیاسک وتی هێرشەکانی ڕووسیا بوونەتە هۆی برینداربوونی دوو کەس و زیانگەیاندن بە خانوو و بینا کشتوکاڵییەکان.

بەرپرسانی خارکیڤیش وتیان زیان بە ژێرخانی هەرێمەکە گەیشتووە.

لە هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیا کە دەکەوێتە سەر سنووری ئۆکرانیا، بەرپرسانی هەرێمەکە ڕۆژی دووشەممە وتیان بەهۆی هێرشێکی ئۆکرانیاوە کەسێک بریندار بووە و چوار بینای نیشتەجێبوونیش لە شاری شیبیکینۆ زیانییان پێگەیشتووە.

فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆد ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤیش وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا هێرشییان کردووەتە سەر گوندی ئیلیک پێنکۆڤکا، دوو خانوو گڕییان تێبەربووە و بینایەکی دیکەش زیانی پێگەیشتووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا