هێزەکانی ئۆکرانیا تەرمی بەجێهێڵدراوی ڕووسییەکان هەڵدەگرنەوە

دوای گەڕان بە ناو دارستان و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کیێڤدا، لە کۆتاییدا یەکەیەکی تایبەتی ئۆکرانیا ئەوەیان دۆزییەوە کە بۆی دەگەڕان، لاشەی " داگیرکەرێکی " ڕووسی.

چەند هەفتەیەکە ئەو یەکەیە بە هاریکاری یەکەیەکی سەربازیی مەدەنی تەرمی ڕووسییەکان لە کێڵگە و دارستان و بینا ڕووخاوەکانی دەوروبەری کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا هەڵدەگرنەوە.

سەربازێکی ئۆکرانی دوای ماوەیەکی کورت لە دۆزینەوەی تەرمی سەربازێکی ڕووسی، بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا ئەو کارە نەکەن کە دەبێت وەکو شانازییەک بیکەن، ئێمە وەکو ڕێزێک لە مردووەکان دەیکەین."

وتی " گرنگ نیە دوژمن بێت یاخود نا، ئێمە بڕیاری لەسەر نادەین، ئەمانە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتین."

دوای ئەوەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لە دەوروبەری کیێڤی پایتەخت ڕوویدا، بەڵام دواتر هێزەکانی ڕووسیا ناچارکران لەو ناوچانە بکشێنەوە.

لە کۆتایی مانگی سێدا ڕووسییەکان دەستیان کرد بە کشانەوە، هێزە ماندووەکەیان کشاندەوە بۆ بێلاڕووس، لەو کاتەشدا ئۆکرانیا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارۆچکەکانی ئۆکرانیا.

لە گوندی زاڤالیڤکای ڕۆژئاوای کیێڤ، تیمێکی شیکاری چواردەوری گۆڕێکی نزمییاندا و دانیشتوانی ناوچەکە وتیان چەند هەفتەیەک لەمەوبەر تەرمێک لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە لەو گۆڕەدا نێژراوە.

خەڵکی گوندەکە دەڵێن سەربازێکی ڕووسی بریندار بووە و لە دانیشتوانی گوندەکە پاڕاوەتەوە تاوەکو ئاوی بدەنێ، دواتر پێش کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەلایەن هاوەڵەکانیەوە کوژراوە. دەزگای هەواڵی فرانس پرێس نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەو بابەتە پشتڕاست بکاتەوە.

دانیشتووەیەکی گوندی زاڤالیڤکا کاتەرینا کارۆبچوکی تەمەن 79 ساڵ بە فرانس پرێسی وت " لەنزیک دوکانەکە بەجێیان هێشت، دواتر کوڕەکانمان ناشتیان."

دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا هاتنە ناو گوندەکەوە، تەرمەکە بەپەلە لە دارستانەکەدا نێژراوە چونکە هێزەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی ئەرکێکی پاککردنەوەی ناوچەکەدا بوون.

کارۆبچوک وتی دواتر سەگەکەی تەرمەکەی دۆزیوەتەوە و دانیشتوانی گوندەکە ئەو هێزانەی ئۆکرانیایان ئاگادار کردۆتەوە کە تەرمی ڕووسییەکان هەڵدەگرنەوە.

ئۆکرانیا دەڵێت تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئۆکرانیا زیاتر لە 20,000 سەربازی ڕووسییان کوشتووە. ڕووسیاش لە مانگی سێدا ڕایگەیاند 1,351 سەربازییان لە ئۆکرانیا کوژراون.

کۆلۆنێڵ ڤلۆدیمیر لیامزین کە سەرپەرشتی ئەرکەکانی دۆزینەوەی تەرمی ڕووسییەکان دەکات وتی " ڕووسییەکان جۆرێک لە چیرۆکێکی جوانی خەیاڵییان هەیە کە دەڵێن خەڵکەکەی خۆیان جێناهێڵن، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە چیرۆکێکی خەیاڵییە."

وتیشی مۆسکۆ هیچ گرنگییەکی نەداوە بە کارئاسانیکردن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان، ئەوەش سەرەڕای هەوڵەکانی بەرپرسانی ئۆکرانیا.

لیامزین وتی " تەرمەکان لە ساردکەرەوەکاندا هەڵدەگیرێن تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت."

وتیشی " ئەگەر ڕووسیا تەرمەکان نەباتەوە، ئەوا دوای ماوەیەک حکومەتەکەمان بڕیارێک دەردەکات و ئەم تەرمانە لێرە لە ئۆکرانیا دەنێژرێن. ئەوانەی کە بتوانین بیانناسینەوە بە ناوی خۆیانەوە دەنێژرێن، ئەوانەی نەتوانین بیانناسینەوە بە نەناسراو دەنێژرێن."

بەپێی تیمی شیکارییەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی گەڕان بەدوای تەرمی ڕووسییەکانەوە، نزیکەی 200 تەرمی سەربازانی ڕووسی دۆزراونەتەوە و لە ئۆکرانیا هەڵگیراون، زۆربەشیان لە دەوروبەری کیێڤ دۆزراونەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس