ئەمەریکا ئازادکردنی 5 ئێرانی پەسەند دەکات، ئێرانیش ناوەکانییان بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست دەکاتەوە

ئەمەریکا بۆ یەکەمین جار ڕایگەیاند وەکو بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ئێراندا، واشنتن پێنج هاووڵاتی ئێرانی ئازاد دەکات و حکومەتی ئێرانیش ناوەکانیانی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە.

دانپێدانانی ئەمەریکا بە ڕێککەوتنی بۆ ئازادکردنی پێنج ئێرانی لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هات کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە. چەند کاتژمێرێک پێش ئەوە، دەزگا هەواڵییەکانی ڕۆژئاوا ئاماژەیان بەوەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کۆنگرێسی لەو هەنگاوە ئاگادار کردووەتەوە.

لە 10 ی مانگی هەشتدا ئەمەریکا و ئێران ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانییان ڕاگەیاند، تارانیش بە هەمان شێوە پێنج هاووڵاتی ئەمەریکایی ئازاد دەکات کە واشنتن دەڵێت بە هەڵە لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکراون.


وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی " وەکو چۆن پێشتر وتوومانە، ئەمەریکا ڕێککەوتووە بۆ ڕێگەدان بە گواستنەوەی پارە سڕکراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوورەوە بۆ هەژمارە بانکییەکانی سەر بە دامەزراوە داراییەکانی قەتەڕ و ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئێرانی کە لە ئێستادا لە ئەمەریکا دەستبەسەرکراون، ئەوەش لە پێناو ئاسانکاریکردن بۆ ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمەریکایی کە لە ئێران زیندانی کراون."

نێردەی دیبلۆماتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە نامەیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ناوی ئەو پێنج هاووڵاتییە ئێرانییەی پشتڕاست کردەوە کە لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا دەبن. ناوەکان بۆ یەکەمین جار ڕۆژی دووشەممە لەلایەن ماڵپەڕی ئەی ئای مۆنیتەری هەواڵەوە بڵاوکرانەوە.

پێنج هاووڵاتییە ئێرانییەکە کە لەلایەن ئێرانەوە ناوەکانییان پشتڕاست کراوەتەوە، بریتین لە کاوە لوتفوڵا ئەفراسیابی، میهرداد ئەنساری، ئەمین حەسەنزادە، ڕەزا سەرهەنگپوور کافرانی و کەمبیز ئەیار کاشانی، سەرجەمییان لە نێو ئەو 11 ئێرانییەدان کە سەرەتا لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکادا لە 24 ی مانگی هەشتدا ئاماژەیان پێدرا، وەکو ئەو کەسانەی کە ئەگەری هەیە لە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکاندا بن.

کاتێک لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئەو پێنج ئێرانییەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاست کراونەتەوە، ئازاد دەکرێن یاخود نا، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە باس لەو بابەتە بکات. سەرجەمییان بە تۆمەتی فیدڕاڵی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا دژی ئێران دەستگیرکراون.

هەروەها ئەمەریکا تاوەکو ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە لەسەر ئەوەی کەی و چۆن پێنج هاووڵاتییە ئەمەریکاییەکە و پێنج هاووڵاتییە ئێرانییەکە ئاڵوگۆڕییان پێدەکرێت.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ئازادکردنی پێنج هاووڵاتییە ئەمەریکاییەکە و چاودێریکردنی تەندروستی و باشییان لە نزیکەوە بە یارمەتی هاوبەشە سویسراییەکانییان، بەڵام وتی " لە ئێستادا هیچ زانیارییەکی نوێمان نیە بڵاوی بکەینەوە."

دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانییەوە بڵاویکردەوە ئاڵوگۆڕکردنەکە " لە داهاتوویەکی نزیکدا " ڕوودەدات.

لە نێو ئەو پێنج هاووڵاتییەدا کە لەلایەن ئێرانەوە ئاماژەیان پێدراوە، چوار ئێرانییان ڕەگەزنامەی ئەمەریکاییان نیە: ئەفراسیابی و ئەنساڕی و حەسەنزادە و کافرانی. ئەفراسیابی و حەسەنزادە دانیشتووی هەمیشەیی ئەمەریکان، هاوکات ئەنساڕی و کافرانی هیچ پێگەیەکی یاساییان نیە لە ئەمەریکادا. پێنجەم ئێرانی، کاشانی، هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی و ئێرانییە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا