باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: گرنگە هەمووان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا دەنگ بدەن

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئالینا ئێڵ ڕۆمانۆوسکی

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئالینا ڕۆمانۆوسکی پەیامێکی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت گرنگە هەمووان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بکەن و دەنگییان ببیسترێت.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە پەیامەکەیدا وتی، " دەنگدان بڕبڕەی پشتی دیموکراسییەکی سەرکەوتووە. هەروەها داوا لە سەرجەم پارت و کارەکتەرە سیاسییەکان دەکەین دڵنیاببنەوە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد بەبێ توندوتیژی و ترساندن و ئەوەشی کە هەڵبژاردن ڕەنگدانەوەی خەڵکەکە بێت."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی، " ئەمەریکا پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراقەوە و پێکەوە ئەم هاوبەشییە بەرەپێشەوە دەبەین لەگەڵ هەموو خەڵکی عێراقدا بە خەڵکی هەرێمی کوردستانیشەوە."

دوای بانگەشەیەکی گەرم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە 25ی مانگی نۆ دەستیپێکرد و 15ی مانگی دە کۆتایی هات، دەنگدانی گشتی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی20ی دەی 2024 دەستیپێکرد.

لە سەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان سەدان چاودێری وڵاتان و ڕێکخراوەکانی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکەن.

محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق سەرۆکی نێردەی یونامی، لەگەڵ بەرپرسی دەستەی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر کۆبوویەوە و گوتی "ئەمە بۆ کوردستان ڕۆژێکی مێژووییە و پیرۆزبایی لە خەڵکی ئەم هەرێمە دەکەین بۆ ئەم ئاهەنگە دیموکراسییە. هیوادارین هەموو شتێک بە ڕێکوپێکی و بێکێشە بەڕێوەبچێت."