فڕۆکە بۆمبهەڵگرەکانی ئەمەریکا لە نزیک کۆریای باشوورەوە دەفڕن

سوپای کۆریای باشوور دەڵێت ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا لە چوارچێوەی مەشقە سەربازییە هاوبەشە ئاسمانییەکاندا فڕۆکەی بۆمبهەڵگری ستراتیژی بی 52 و فڕۆکەی شەڕکەری ئێف – 22 ی بە نزیک کۆریای باشووردا بردووە.

وەزارەتی بەرگری نیشتیمانی کۆریای باشوور ڕایگەیاند فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف – 35 و ئێف – 15 کەی کۆریای باشوور بەشدارییان لە مەشقە سەربازییە ئاسمانییە هاوبەشەکەدا کردووە کە لە ناوچەی بەرگری ئاسمانی کۆریای باشوور لە باشووری ڕۆژئاوای دورگەی جیجودا بەڕێوەچووە.

ئەمەش نوێترین پیشاندانی هێزی هاوپەیمانانە بەرامبەر کۆریای باکوور، کە لەم ساڵدا لێدوانەکانی دژی ئەمەریکا و کۆریای باشووری توندتر کردۆتەوە و ژمارەیەکی زۆر موشەکی باڵیستیکی تاقیکردۆتەوە.

مانگی ڕابردوو بەرپرسانی بەرگری ئەمەریکا و کۆریای باشوور ڕێککەوتن لەسەر پتەوکردنی پابەندبوونی ئەمەریکا بە ئاسایشی سیئۆلەوە، ئەوەش بە زیادکردنی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکان و بە یاساییکردنی بوونی ئامڕازە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور، ئەو ئامڕازانەش بریتین لە بۆمبڕێژکەری مەودا درێژ و کەشتی فڕۆکە هەڵگر.

وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە ڕێککەوتنەکەدا، وتی هاوپەیمانان " بەردەوام دەبن لە پتەوکردنی پێگە بەرگرییە هاوبەشەکەی " کۆریای باشوور و ئەمەریکا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا