بلینکن دەگاتە ئیسڕائیل لە کاتێکدا ئەمەریکا هەوڵی ئاگربەست دەدات لە غەززە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وەکو بەشێک لە هەوڵە چڕە دیبلۆماتییەکانی واشنتن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە سەردانی ئیسڕائیل دەکات.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەوە لە مانگی 10 دا، ئەمە دەیەمین جارە بلینکن سەردانی ناوچەکە بکات، ئەمەریکا و میسڕ و قەتەڕ نێوەندگرییان کردووە لە گفتوگۆکاندا بۆ ئاگربەست.

بەرپرسانی ئەمەریکا گەشبینییان دەربڕیوە سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، بەڵام هاوکات ئاماژەیان بەوە داوە کە هێشتا کار ماوە بکرێت.

بلینکن لە ئیسڕائیل بڕیارە لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەو وڵاتەدا کۆببێتەوە.

گفتوگۆکان لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا دێت لە ناوچەکەدا. ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە ئیسڕائیل کردووە دوای ئەوەی سەرکردەیەکی حەماس مانگی ڕابردوو لە تاران کوژرا.

ئەمەریکا چەندین جار هۆشداریداوەتە ئێران دژی ئەنجامدانی هەر کارێکی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسڕائیل. بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی هەر جۆرە کردەوەیەکی لەو شێوەیە " دەرەنجامێکی کارەساتاوی دەبێت " بە تایبەتی بۆ ئێران.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز