بلینکن لەگەڵ سەرۆکی میسردا کۆدەبێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسڕ و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە عەبدلفەتاح سیسیدا کۆدەبیتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەمەریکا و میسڕ پێکەوە کاردەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاگربەستێکی پێشنیار کراو بۆ غەززە کە تێیدا بارمتەکان ئازاد دەکرێن و شەڕەکەی ناو غەززە دەوەستێندرێت.

بلینکن پێش ئەوەی بگاتە میسڕ لە سعودیە بوو، دوابەدوای سەردانەکەی بۆ میسڕ سەردانی قەتەڕ دەکات و دواتریش دەچێت بۆ ئیسڕائیل، ئەوەش بە مەبەستی گفتوگۆکان لەسەر بارمتەکان و پلانەکانی دوای جەنگی غەززە و بابەتی ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی.

لە مانگی 10 ەوە ئەمە پێنجەمین جارە بلینکن سەردانی ناوچەکە بکات، لە کاتێکیشدایە کە ئەمەریکا دەستیکردووە بە هێرشی تۆڵەکردنەوە دژی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریادا، هێرشەکان وەکو وەڵامێکن بۆ کوژرانی سێ سەربازەکەی ئەمەریکا لە هێرشێکی مانگی ڕابردوودا بۆ سەر بنکەکەیان لە ئوردن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز