هێشتا براوە دیارنییە، بەڵام پێشکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە زیادبووندایە

نووسینی: براین پادن

وەرگێڕانی: سمکۆ عەزیز

سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەمەریکا رۆژی چوارشەممە جۆو بایدن جێگری پێشووی سەرۆکیان وەک براوە لە ستانەکانی گوڕەپانی ململانێین خستەڕوو، لە میشیگن و ویسکەنسن ، بە نزیکبوەوە لە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکای دایدەنێن.

دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە جۆو بایدن گوتی؛ من لێرە نیم کە رایگەیەنم ئێمە بردوومانەتەوە ، بەڵام من لێرەم کە بڵێم کاتێک پرۆسەی هەژمارکردن تەواودەبێت، بڕوامان وایە ئێمە براوەدەبین.

رەنگە بایدن بتوانیت لە 270 دەنگی دەستەی نوێنەرانی هەڵبژاردن نزیکبێتەوە کە پێویستە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکە ، ئەگەر سەرباری میشیگن و ویسکەنسن بایدن درێژە بە پێشەنگیی خۆی لە ستانەکانی ئەریزۆنا و نیڤادا بدات . سەرۆک ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 دا ، بێجگە لە نیڤادا سێ ستانەکەی دیکەی بەدەستهێنابوو.

لە سیستمی دەستەی نوێنەرانی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا، براوەی دەنگی هاوڵاتیان لە هەر ستانێک ، جگە لە ستانی مەین و نیبراسکا ، هەموو دەنگی دەستەی نوێنەرانی هەڵبژاردنی ستانەکە بەدەستدێنێت ، ئەوانەی لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانەکەی دیاریدەکرێت.

بەرلەوەی هەموو دەنگەکان هەژمارنەکرێن، ستانەکان براوەیک راناگەێنن ، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بە براوەکان دەکەن کاتێک دەگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە هێندە دەنگی نەژمێردراو نەماوە بتوانێت ئەنجامەکە بگۆڕێت.

رێگەی بەردەم ترەمپ

سەرۆک ترەمپ هێشتا رێگەی سەرکەوتنی لەبەردەستداهەیە ئەگەر بتوانێت هەر یەکێک لەو ستانانە بەدەست بێنێتەوە ئەوانەی کە بایدن تیایاندا لە پێشەوەیە. سەرۆک ترەمپ لە ستانەکانی پێنسەلڤەینیا وجۆرجیا نۆرث کارۆلاینا و ئاڵاسکا لە پێشەوەیە ئەوانەی هێشتا رانەگەێندراون.

بە سەرکەوتنی سەرۆک ترەمپ لەم ستانانەدا و بە بێ پێچەوانەکردنەوەی پێشەنگیی جۆو بایدن لە ستانەکەدا ، سەرۆک ترەمپ 268 دەنگی دەستەی نوێنەرانی هەڵبژاردن بەدەست دێنێت ، کە ئەمەش لەدەنگی پێویست بۆ بردنەوە کەمترە.

لە ستانی پێنسەلڤەینیا ، پتر لە یەک ملیۆن دەنگدان بە پۆست لە ئێستادا هەژماردەکرێن. دەستەی هەڵمەتی بایدن گوتی؛ لە دەنگەکانی بە پۆست دراون لە پەنسیلڤەینیا ، لە سەدا 78 ی بەدەستهێناوە.چاوەڕوان ناکرێت ئەنجامەکانی ئەو ستانە هەتا رۆژی پێنج شەممە یان هەینی بزانرێن .

دەستەی هەڵبژاردنی بایدن لایەنگرانیان هاندابوو لە ڕێی پۆستەوە دەنگبدەن بۆ ئەوەی لە میانەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا سەلامەت بن ، هاوکات سەرۆک ترەمپ بەبێ هەبوونی بەڵگە سەرزەنشتی دەنگدان بە پۆستی کرد و بە ساختە و فێڵی لەقەڵەم دەدات.

رۆژی چوارشممە دەستەی هەڵمەتی ترەمپ گوتی؛ ئەو داوای هەژمارکردنەوەی دەنگەکان لە ستانی ویسکەنسن دەکات ، لەو ستانەی جۆو بایدن بە نزیکەی 20 هەزار دەنگ لە پێشەوەیە ، هەروەها دەستەی ناوبراو دۆزێکی یاسایی پێشکەشکرد بۆ راگرتنی پرۆسەی هەژمارکردنی دەنگەکان لە ستانی میشیگن، لەو شوێنەی جۆو بایدن بە پتر لە 35 هەزار دەنگ لە پێشەوەیە.

بریکارانی سەرۆک ترەمپ لە ستانی پەنسیلڤەینیا ، لەو شوێنەی ترەمپ لە سەروەختێکدا بە نزیکەی 389 هەزار دەنگ لە پێشەوە بوو ، بریکارەکانی بەرهەڵستی یاساییش بەرەوهەڵکشان دەبەن بۆ راگرتنی هەژمارکردنی دەگەکانی بە پۆست دراون.

بە گوتەی ئاژانسی ئەسۆسییەت پرێس ؛ رۆژی چوارشەممە دەستەی هەڵمەتی سەرۆک ترەمپ لە ستانی جۆرجیاش دۆزێکی یاساییان پێشکەشکرد و داوا لە دادوەرێک دەکەن فرمانێک بۆ بەرپرسانی هەڵبژاردنی ستانەکە دەربکات پەیڕەوی یاساکە بکەن لە جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکانی بە غیابی دروان .

لە بەیانی رۆژی سێ شەممەی رابردوو ، ترەمپ ئیدیعای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکەدا کردبوو ، ئەمەش وێڕای ئەوەی کە پرۆسەی هەژمارکردنی دەنگەکان هێشتا بەردەوامبوو ، هەروەها سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بە دەنگۆی بێپاڵپشتی ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکەدا کرد.

دابەشبوونی حیزبیی

هەرکەسێک هەڵبژاردنەکە بباتوە رووبەڕوی کۆنگرسێکی دابەشبوو دەبێتەوە . دیموکراتەکان هەتا ئێستا نەیتوانیوە لە هەوڵەکانیان سەرکەوتووبن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەنجومەنی سینات ، ئەوەی تێدا کۆماریەکان زۆرینەن و لە ئێستادا خاوەنی 53 کورسین و دیموکراتەکانیش 47 کورسی.

دیموکراتەکان چەند کورسییەکیان لە ستانی کۆلۆرادۆ و ئەریزۆنا بەدەستهێنا ، بەڵام کورسییەکایان لە ئەلەباما لەدەستدا ، هەروەها شکستیانهێنا لە لابردنی ئەوەی چاوەڕواندەکرا کە سەنەتۆرانی کۆماری لینزی گراهام لە ستانی ساوث کارۆلاینا و سوزن کۆڵینز لە ستانی مەین لابەرن.

سێ پێشبڕكێ لە ئەنجومەنی پیران لەیەکەوە نزیکن ، بەڵام ئەنجامەکان لە هەندی لە ستانەکان وەک لە جۆرجیا ئەوەی خۆلی هەڵبژاردنەوەیا تێدا لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا دەکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەنەتۆرێک، پێدەچێت هەتا ماوەیەکی دیکە نەزانرێت.

کۆنترۆڵی خانەی نوێنەران لە دەستی دیموکراتەکاندا دەمێنێتەوە. ، بەڵام وەک راپرسیەکان بەر لە رۆژی هەڵبژاردنەکە دەریانخستبوو، دیموکراتەکان زۆرینەکەیان لە خانەی نوێنەرایان فراون نەکردبوو.

جۆن ئاڵدریچ ؛ پرۆفیسۆری بواری سیاسەت لە زانکۆی دیوک گوتی؛ ئەگەر ترەمپ خولی دووەمی سەرۆکایەتی بەدەستبێنێت ، کە شیانی نییە ، دەرفەتی زیاتری هاوبەشیکردنی حیزبایەتی هەیە . ئەوەی کە تێدا سەرۆک ترەمپ پەیوەندییەکی پڕ کێشمەی لەگەڵ دیموکراتەکانی کۆنگرسدا هەبوو.

ئاڵدریچ گوتی؛ رەنگە بایدن بتوانێت هەروەک لە میانەی هەڵمەتەکەیدا جەختیکردەوە و گوتبووی، پێوسیتی بە سارێژبوونی برینی قوڵی دابەشبوونی حیزبایەتی لە وڵاتدا هەیە . رۆژی چوارشەممە جۆو بایدن گوتی لە پێناو بەرەو پێشچوون دەبێت مامەڵەکردنی دوژمنانە شێواز لەگەڵ نەیارانمان راگرین.