ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن لوبنان جێبهێڵن

فڕۆکەخانەی بەیروت - رەفیق حەریری، لوبنان

ژمارەیەک لە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن لوبنان جێبهێڵن، لە کاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان پەرەی سەندووە.

لوبنان ڕووبەڕووی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسڕائیل بووەتەوە وەکو وەڵامێک بۆ هێرشێکی موشەکی گومانلێکراوی حزبوڵا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی 12 منداڵ و هەرزەکار لە یاریگایەکی تۆپی پێدا.

ئیسڕائیل وتوویەتی تۆڵەی ئەو هێرشە دەکاتەوە و هاووڵاتییانی مەدەنیش ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی کە بەرپرسان دەڵێن ڕەنگە شەڕێک ڕووبدات چەند ڕۆژێک بخایەنێت.

ئەمەریکا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا لە نێو ئەو وڵاتانەدان کە ئاگاداری گەشت کردن بۆ هاووڵاتییانیان بڵاودەکەنەوە، داوایان لێدەکەن دەستبەجێ لوبنان بەجێبهێڵن یاخود خۆیان بە دووربگرن لە گەشت کردن بۆ لوبنان، چونکە مەترسییەکانی ڕوودانی شەڕ لەو وڵاتەدا زیادبوون.

جێگری سکرتێری کاروباری کونسوڵگەری لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت ڕینا بیتەر بە ئەمەریکاییەکانی ناو لوبنانی وت " پلانێکی قەیران دروست بکەن و پێش ئەوەی قەیرانەکە دەستپێبکات وڵاتەکە جێبهێڵن."

وتی " داوا لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی دەکەم پلانێکی قەیرانییان هەبێت و پێش دەستپێکردنی قەیرنەکە بڕۆن. هۆکارە ئاساییەکانی گواستنەوە هەمیشە باشترین بژاردەن لە کاتێکدا کە ژێرخانی پەیوەندی و گواستنەوە هێشتا کاردەکەن و بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن."

ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتیانی کردووە بەپەلە لوبنان جێبهێڵن، دەڵێت دەکرێت بەمزووانە گەشتە ئاسمانییەکان ڕابگیرێن، هەروەها زیادبوونی گرژییەکان ڕەنگە گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەیروت ڕابگرێت.

پێشتر هێڵی ئاسمانی لوفتهانسای ئەڵمانیا و هێڵی ئاسمانی ئێرلاینی نێودەوڵەتی سویسرا و هێڵی ئاسمانی فەڕەنسا و هێڵی ئاسمانی تورکیا گەشتەکانیان بۆ بەیروت ڕاگرتووە، هۆکارەکەشییان گەڕاندووەتەوە بۆ دۆخی ئاسایشی ناو لوبنان.

لە لێدوانێکیدا بۆ سی ئێن ئێن، وەزیری کاربەڕێکەری دەرەوەی لوبنان عەبدوڵا بو حەبیب وتی حکومەتی لوبنان ناتوانێت شتێکی زۆر بکات سەبارەت بە حزبوڵا، بەڵام وتی هێڵەکانی پەیوەندی بە کراوەیی دەمێننەوە.

وتی " بژاردەکە هەمیشە بۆ ئێمە خراپ و خراپتر بووە. پێم وانیە بتوانین ئەوە بکەین، بەڵام ئێمە هەمیشە لە پەیوەندیداین لەگەڵیاندا. بێگومان سەرۆک وەزیر و سەرۆکی پەرلەمانیش قسەیان لەگەڵدا دەکەن. گفتوگۆی زۆر هەن. ئەوان ناوەستن چونکە بۆ پشتیوانیکردن لەوەی کە لە غەززە ڕوودەدات دەستییان پێکردووە."

حزبوڵا وتی بەیانی ڕۆژی دووشەممە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان دووان لە ئەندامەکانی کوژراون. شڕۆڤەکار دانیا کولیلات خەتیب وتی نادیارییەکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ئیسڕائیل لە کوێی لوبنان دەدات.

خەتیبی سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە بۆ بونیادنانی هاریکاری و ئاشتی لە بەیروت بە دەنگی ئەمەریکای وت " هەردوولا جەنگییان ناوێت، بەڵام خۆیان بۆ جەنگێک ئامادە دەکەن."

وتی " هەمووان چاوەڕێی لێدانێک دەکەن. لێدانەکە بەڕێوەیە. نازانن چەند گەورە دەبێت، لەبەرئەوە تەنها پەیام کە دەیگەیەنن بە ئیسڕائیل ئەوەیە کە ئەگەر یاساکانی شەڕ بشکێنیت، ئەگەر بچیتە قووڵییەوە، ئەگەر بچیتە بەیروتەوە، ئەوا وەڵام دەدەنەوە. زۆرێک لە جەنگەکان بە مەبەست نین. هەڵەکان دەتوانن ببنە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ و لەبەرئەوەیە پێویستمان بە ئاگربەستێک هەیە."

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا ئامۆس هۆچستین نیگەرانی خۆی دەربڕی لەسەر " بە هەڵە لێکدانەوە یاخود ڕووداوێک " کە هاووڵاتیانی سڤیلیش بگرێتەوە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی " هەردوو وڵاتەکە ناچار بکات تۆڵە بکەنەوە، بە شێوەیەک کە دەمانخاتە ناو جەنگەوە."

وتی بە ئامانجکردنی بەیروت دەکرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنێکی گەورەی گرژییەکان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا