ئەمەریکا و بەڕیتانیا ئێران بە پێدانی موشەک بە ڕووسیا تۆمەتبار دەکەن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد لامی

ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا و بەڕیتانیا بە فەڕمی ئێرانییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دابینکردنی موشەکی باڵیستیکی مەودا کورت بۆ ڕووسیا تاوەکو لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت، وتیشیان ڕێوشوێن دەگرنەبەر بۆ سزادانی ئەوانەی کە بەشداربوون لەم کارەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە سەردانێکیدا بۆ لەندەن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد لامیدا وتی دواتر لە ڕۆژی سێشەممەدا سزاکان ڕادەگەیەندرێن.

بلینکن وتی " ڕووسیا ئێستا باری ئەم موشەکە باڵیستیکییانەی وەرگرتووە و پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە جەنگەکەی ئۆکرانیادا بەکارییان بهێنێت. دابینکردنی موشەکی ئێرانی وادەکات ڕووسیا موشەکەکانی خۆی تەنها بۆ ئەو ئامانجانە بەکاربهێنێت کە دوورن لە هێڵەکانی پێشەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە کە بلینکن و لامی بە نیازن ڕۆژی چوارشەممە پێکەوە سەردانی ئۆکرانیا بکەن و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەدا کۆدەبنەوە، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی پتەوکردنی بەرگرییەکانی ئۆکرانیا. ڕووسیا هەوڵدەدات لەشکرکێشییە کتوپڕەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر هەرێمی کورسکی ڕووسیا بەرپەرچ بداتەوە.

تۆمەتەکان سەبارەت بە گواستنەوەی موشەکی ئێرانی بۆ ڕووسیا ڕەنگە زێلێنسکی پشت ئەستوور بکات لە فشارەکانی بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکە تاوەکو ڕێگە بە ئۆکرانیا بدەن موشەکە ڕۆژئاواییەکان بەکاربهێنێت بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو قووڵایی ڕووسیا و بە ئامانجکردنی ئەو شوێنانەی کە ڕووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی لێیانەوە دەکاتە سەر ئۆکرانیا. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕێگەی داوە بە ئۆکرانیا موشەکەکانی ئەمەریکا وەکو بەرگریکردن لە خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەودیوی سنووری ڕووسیا، بەڵام بەکارهێنانی موشەکەکانی بۆ مەودایەکی دوورتر بۆ ناو قووڵایی ڕووسیا سنووردار کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە دەترسێت ئەوە ببێتە هۆی پەرەسەندنی جەنگەکە.

بەڵام ئەوە ئۆکرانیای ڕانەگرتووە لە بەکارهێنانی چەکەکانی خۆی بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو قووڵایی ڕووسیا، ڕۆژی سێشەممە یەکێک لە گەورەترین هێرشی دڕۆنەکانی بۆ سەر خاکی ڕووسیا ئەنجامدا و چەندین هەرێمی لە ڕووسیادا کردە ئامانج، بە مۆسکۆشەوە.

لامی وتی گواستنەوەی موشەکی ئێرانی بۆ ڕووسیا " ئاڕاستەیەکی بێزارکەرە کە دەیبینین. ئەوە بەدڵنیاییەوە پەرەسەندنی گرژییەکانە."

ئێران ڕەتی کردووەتەوە چەکی دابێت بە ڕووسیا تاوەکو مۆسکۆ لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکاری بهێنێت.

نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی وتی تاران " پێی وایە دابینکردنی یارمەتی سەربازیی بۆ ئەو لایەنانەی کە لە جەنگدان شتێکی نامرۆییە، کە دەبنە هۆی زیادبوونی قوربانیان و وێرانبوونی ژێرخان و دوورکەوتنەوە لە گفتوگۆکانی ئاگربەست."

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی چەندین مانگە هۆشداری دەدەنە ئێران دژی گواستنەوەی موشەکی باڵیستیکی بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ AP