زێلێنسکی داوای چەک و تانک و بەرگری ئاسمانی لە ڕابەرانی ئەوروپا دەکات

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆبوونەوەیەکدا لە لاتیڤیا کە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناکیش بەشداری تێدا کرد داوای کۆمەڵێک چەکی هەمەجۆری کرد بۆ یارمەتیدان لە کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

لە کاتێکدا کە هاوپەیمانێتی ڕۆژئاوا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ڕووی دارایی و سەربازیی و مەشق و چەکەوە یارمەتی ئۆکرانیایان داوە، کیێڤ دەڵێت هێشتا پێویستمان بە یارمەتی زیاترە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا.

زێلێنسکی لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە ڕابەرانی وڵاتانی هێزی هاوبەشی هێرشکردنی وت " زۆر شت بەندە بە ئێوەوە – ئەم جەنگە چۆن تەواو دەبێت. هەتاوەکو هێزەکانی بەرگریمان سەرکەوتووتر بن دوژمنکارییەکەی ڕووسیا خێراتر تەواو دەبێت." جێی ئاماژەیە هێزی هاوبەشی هێرشکردن گروپێکی وڵاتانی باکووری ئەوروپایە کە بەڕیتانیا ڕابەرایەتییان دەکات.

وتی " داواتان لێدەکەم توانای ئەگەری دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ وڵاتەکەمان زیاد بکەن و یارمەتیمان بدەن لە خێراکردنی ئەو بڕیارە پەیوەندیدارانەی کە هاوبەشەکانمان دەبێت بیدەن."

سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس ناوسیدا دوای کۆبوونەوەکە بە ڕۆیتەرزی وت کاتی تەواو نەبووە بۆ تاوتوێکردنی وردەکاری داواکارییەکانی زێلێنسکی. بەڵام سوناک پێشتر لە وەڵامی داواکارییەکەی زێلێنسکیدا وتی ئامانج لە کۆبوونەوەکە سەنگ خستنە سەر ئەوە بووە " چۆن بتوانین بە باشترین شێوە بەردەوام بین لە پشتیوانیکردنت و دابینکردنی هەموو ئەو شتانەی کە پێویستتە."

زێلێنسکی وتی " هیچ ڕوونکردنەوەیەک نیە " لەسەر ئەوەی بۆچی ئۆکرانیا تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی نەدراوەتێ، هەروەها داوای لە هۆڵەندا کرد کە هێزەکانی ئەو جۆرە تانکە بەکاردەهێنن " تکایە پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانتاندا قسە لەسەر ئەم بڕیار بکەن."

وتی " بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریمان سەرکەوتووتر بێت پێویستمان بە ئوتومبێلی زریپۆشە، بە تایبەتی تانکەکان." ئەڵمانیا بەشێکە لە هێزی هاوبەشی هێرشکردن بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوو.

هەروەها داوای لە نەرویج کرد سیستمی موشەک هاوێژەری ناسامسی دروستکراوی نەرویجی و موشەکی زیاتر بدات بە ئۆکرانیا ، داوای لە سویدیش کرد فڕۆکەی شەڕکەری گریپنی سویدی و موشەکی ئاڕ بی ئێس 98 و تۆپهاوێژی ئارچەری بداتێ.

هەروەها داواشی لە دانیمارک کرد هاویتزەری سیزار بگوازێتەوە بۆ ئۆکرانیا، داوای تەقەمەنی زیاتریشی لە فینلەندا و ناسامس و موشەکی ستینگەر لە لیتوانیا و تۆپهاوێژ لە لاتیڤیا و هاویتزەر و تەقەمەنی لە ئیستۆنیا کرد.

زێلێنسکی وتی " هەتاوەکو زووتر سنوورەکانمان بگەڕێنینەوە ئاسایشی ئێوە بەهێزتر دەبێت. منداڵانی ئۆکرانیا لە نامەکانیاندا بۆ سەینت نیکۆلاس داوای بەرگری ئاسمانی و چەک و سەرکەوتن دەکەن." لە ئۆکرانیا سانتا کلۆس بە سەینت نیکۆلاس ناسراوە.

هۆکاری دروستبوونی هێزی هاوبەشی هێرشکردن ئەوەیە بە خێرایی وەڵامی قەیرانەکانی باکووری ئەوروپا بداتەوە، هەریەک لە وڵاتانی دانیمارک و ئیستۆنیا و ئایسلەندا و لاتیڤیا و لیتوانیا و هۆڵەندا و نەرویج و سوید لە خۆدەگرێت، بەڕیتانیاش ڕابەرایەتی دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز