موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر سوورە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، لەکاتێکدا هێزە شیعە ناڕازیەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو هەوڵەکانیان بۆ ڕێگرتنە لەو هەنگاوەی سەدر، هەوڵەکانی ئێرانیش بۆ یەکخستنی هێزە شیعیەکان هەتا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
ڕەوتی سەدر ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و عەرەبی سونە هەیە، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەر ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە بوو، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە، ئەو سێ هێزە دەتوانن سیناریۆی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتیش دووبارە بکەنەوە یاخود نە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئێران لەهەوڵدایە بۆ ڕێکخستنی ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ ئەو مەبەستەش فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی عێراقی کردووە و چاوەڕوانی هاتنی وەفدی تریشیان دەکرێت، بەڵام هەتا ئێستا هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.
زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، موقتەدا سەدر لاری نییە لە بەشداری پێکردنی هادی عامری و حەیدەر عەبادی و عەمار حەکیم لەحکومەتەکەیدا، بەڵام ڤیتۆی لەسەر نوری مالیکی و قەیس خزعەلی هەیە و نایەوێت بیانباتە نێو حکومەتەوە.
دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەدر دژی مالیکی و خزعەلیە، کێشەی لەگەڵ ئەوانیتر نیە، ڕەنگە لە کۆتاییدا لەگەڵ لایەنە شیعەکان بەبێ مالیکی و خزعەلی ڕێکبکەوێت."
ڕێککەوتنی سەدر لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە، تەنها لایەنە شیعە ناڕازیەکانی توڕە نەکردووە، بەڵکو کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی نیگەران کردووە، بەتایبەت ئەو سێ لایەنە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی لە ژێر چەتری دەرەکی دا ڕێککەوتنەکەیان ئەنجامداوە.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغداوە کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئێران هەوڵی ڕێکخستنی سەدر و هێزە شیعەکان دەدات، هەروەها ناشیەوێت ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە بەردەوام ببێت و ببێتە هۆی لاوازکردنی هێزە نزیکەکانی."
زانیاریەکان ئاماژەبەوەش دەکەن، ڕەوتی سەدر و پارتی و عەرەبی سونە پێداگیرن لەسەر بەردەوامیدان بە ڕێککەوتنی نێوانیان، بەو پێ یەی گەر لەیەکتری داببڕێن، بەتەنها هیچی ئەوتۆیان پێناکرێت.
نورجحێشی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کوتلەی عەزم لەبارەی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر و پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت "ئەمڕۆ شەراکەتی سیاسی دروستبووە لەنێوان کورد و عەرەب و شیعە، ململانێ تەنها لەنێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکان هەیە، نەک پێکهاتەکان."
هەرچەندە تا ئێستا هەوڵی هێزە شیعەکان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سەدر بەردەوامە، بەڵام لەحاڵەتی ڕێکنەکەوتن دا، پێشبینی ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق یاخود پێکهێنانی حکومەت بێ مالیکی و خزعەلی دەکرێت.
سەعد مەتڵەبی سەرکردە لەدەوڵەتی یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای وت "هەموو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە، بەپێکهێنانی حکومەتیشەوە بێ دەوڵەتی یاسا، بەڵام حکومەت چوار ساڵی پڕ لە کێشە بەڕێدەکات و توانای خزمەتکردنی خەڵکی نابێت."
پێداگیری کردنی سەدر لەسەر وەلانانی نوری مالیکی لەکاتێکدایە، پێش هەڵبژاردن ناوبراو خواستی وەرگرتنەوەی سەرۆک وەزیرانی هەبوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن و بردنەوەی سەدر، هەموو ئامانجەکانی مالیکی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانەوە بۆ بەشداری پێکردنی لەحکومەتدا گۆڕی.
دکتۆر مەحمود عوسمان ڕوونیکردەوە، سەدر بە ئاسانی مل نادات بۆ بەشداری پێکردنی مالیکی و خز عەلی بەو پێیەی ناکۆکی کۆن لەنێوانیان هەیە، وتی"ئێرانیش هەوڵی ڕێکخستنی ناو ماڵی شیعە دەدات و بەردەوام دەبێت لەهەوڵەکانی، گەرچی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە."
گەر ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەنە ڕێککەوتن، چاوەڕوانی کێشمەکێشی قورس لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت دەکرێت، بەو پێ یەی چاوەڕوان ناکرێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هێزە شیعە ناڕازیەکان دەستەوەستان بن.