وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کۆتاییهێنا بە کۆبونەوە 90 خولەکێکەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرگێ لاڤرۆڤ لە ژنێڤ. ئەمەش چوارهەم جارە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاربەدەستانی ئەمەریکا و ڕووسیا وتووێژی ڕاستەوخۆ ئەنجامبدەن.
پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ لاڤرۆڤ بلینکن بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە پێشبینی ئەوەمان نەکردبوو پێشکەوتنێکی بەرچاو لە کۆبونەوەکانی ئەمڕۆدا بێتەدی، بەڵام لەو بڕوایەدام ئێمە لەسەر ڕێگایەکی ڕوونداین لە ڕوانگەی تێگەیشتن لە نیگەرانییەکان و هەڵوێسەکانی یەکتر."
ئەو گفتووگۆکەی بە ڕاشکاوانە و خۆڕسک ناوبرد بەڵام گوتیشی توند و مشتومڕاوی نەبوون.
وتیشی "ئەمە دانوستان نەبوو، بەڵکو ئاڵوگۆڕی نیگەرانی و بیرۆکەکان بوو"
بلینکن دووپاتیشی کردەوە کە هەفتەی داهاتوو بە نوسراوێک وەڵامی ڕووسیا دەداتەوە. بەڵام ئەو وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ وەسفی نەکرد بۆ ئەو پێشنیارە ئەمنیانەی کە مانگی ڕابردوو لە لایەن مۆسکۆوە پێشکەش کران و وتی واشنتۆن کێشەکانی خۆی دەخاتە ڕوو.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی"ئێمە پێشبینی دەکەین کە بتوانین نیگەرانی و بیرۆکەکانمان لە نووسینی هەفتەی داهاتوودا بە وردەکاریی زیاترەوە بخەینە بەردەم ڕووسیا و ڕێککەوتوین پاش ئەوە گفتوگۆی زیاتر بکەین."
بلینکن گوتیشی بایدن کە لە ساڵی ڕابردوو لەگەڵ پوتن لە ژنێڤ کۆبووەوە و دووجاریش بە ڕیگای تەلەفۆن هۆشداری لەمەڕ ئۆکرانیا داوە بە سەرۆکی ڕووسیا، دەخوازێت جارێکی تر لەگەڵیدا کۆببێتەوە. ئەو گوتیشی بە ڕاشکاوانە دژایەتی ئەمەریکای بۆ هەر هەوڵێک کە ببێتە هۆی سەرپێچیکردن لە سەروەری خاکی ئۆکرانیا و خەڵی ئۆکرانیا، بە لاڤرۆڤ ڕاگەیاندووە. داواشی لە لاڤرۆڤ کردووە بیسەلمێنێت کە لێدوانەکانی ڕووسیا ڕاستن لەسەر ئەوەی کە نیازی داگیرکاری لە ئۆکرانیا نییە.
لە لێدوانێکدا بەر لە دەستپێکردنی وتووێژەکەیان هەردوولا گوتیان پێشبینی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە وتووێژەکانی هەینیدا ناکەن.
لاڤرۆڤ هیوای خواست ئەمەریکا وەڵامێکی تۆکمەی بۆ نیگەرانییەکانی ڕووسیا پێبێت.
بلینکنیش گوتی ئەمەریکا پەیوەستە بە ڕێگای دیپلۆماسی و دیالۆگەوە، بەڵام هەروەها پابەندەیشە بە وەڵامدانەوەیەکی یەکگرتوو و خێرا و توند ئەگەر ڕووسیا دەستدرێژی بکاتە سەر ئۆکرانیا.