گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا بەرپرسیارە لە وەستانی گفتوگۆکانی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015.
سەعید خەتیبزادە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئەمەریکا بەرپرسیارە لە وەستانی گفتوگۆکان"و گوتیشی "زۆر نزیک بووینەتەوە لەوەی بگەینە ڕێککەوتنێک."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی کەم لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە گفتوگۆکانی ناوکیدا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و ئەوەشی خستەڕوو کە لەسەر تارانە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەو پرسانە بدات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی "تاران بۆ هەتاهەتایە چاوەڕێ ناکات" و ئاماژەشی بەوە کرد واشنتن پێویستە بڕیاری سیاسی خۆی بدات بۆ بوژانەوەی ڕێککەوتنەکە."
ئێران پێشتر ڕایگەیاندوە کە هێشتا هەندێ لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە چارەسەرنەکراوە ماونەتەوە، لەوانەش لابردنی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕیزبەندی تیرۆری ئەمەریکادا.
هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران داوای گەرەنتی مانەوەی ئەمەریکا لە ناو ڕێککەوتنەکەدا دەکات لە بەڕێوەبەرایەتی داهاتووی ئەو وڵاتەدا.
جێی ئاماژەیە کە ماوەیەک پێش ئێستا ڕۆبێرت ماڵی، نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران سەبارەت بەداخوازی ئێران بۆ لابردنی سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆری ئەمەریکادا گوتی ئەو گروپە ئەگەر تەنانەت لە ڕیزبەندی تیرۆریشدا بێتە دەرێ، وەک خۆی لە ژێر سزاکاندا دەمێنێتەوە. ئەو جەختیشی لەوە کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن هێشتا هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە مانەوە یان نەمانەوەی سوپای پاسداران لە ڕیزبەندی تیرۆردا نەداوە.
ڕۆبێرت ماڵی هەروەها لە بارەی داواکاری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دڵنیابوون لەوەی کە بەڕێوەبەرایەتی داهاتووی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکەدا دەمێنێتەوە، گوتبووی ئێمە ناتوانین گەرەنتی ئەوە بکەین کە بەڕێوەبەرایەتی داهاتووی ئەمەریکا پابەند دەبێت بە ڕێککەوتنەکەوە و ڕاشیگەیاندبوو کە ئەوە بەشێکە لە سروشتی سیستەمی ئەمەریکا.
ئێران و ئەمەریکا لەوەتەی دەستبەکارکردنی جۆو بایدنەوە، دانوستانی ناڕاستەوخۆیان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 دەستپێکردوە و تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەنجام.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز