دوای ئەو هێرشانەی ڕۆژی هەینی، کرانە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ناوچەی قادر کەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ، ڕۆژی شەممە، ڕێگری لە تیمێکی سەربازی سوپای عێراقی کرا، کە ویستیان بەناوی لێکۆڵینەوەوە بچنە سەر کێڵگەکە.
کێڵگەی غازی کۆرومۆر، دەکەوێتە ناوچەی قادر کەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ و نزیکە لە شاری کەرکوکەوە، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دەدات، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، دووجار بە کاتیۆشا هێرشیکراوەتە سەر و دوا هێرش دوێنێ هەینی بوو، هێرشەکانیش لە سنوری کەرکوک و لە ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە ئەنجام دراون.
رەمک ڕەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی"هێرشەکان زیانی گیانی و مادی یان بە دواوە نەبووە، لێکۆڵینەوەش لە هێرشەکان بەردەوامن."
ڕۆژانە لە کێڵگەی غازی کۆرومۆر، 453 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنرێت، چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ، بەرهەم هێنانی غاز لەو کێڵگەیە بگەیەنرێتە 570 ملیۆن پێ سێجا، هەروەها لەو کێڵگەیە ڕۆژانە 11هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت کە جۆرە مادەیەکە لە نێوان غاز و نەوتی خاو و هەرێم وەکو جۆرێکی زۆر باشی نەوتی خاو مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بەرهەم دەهێنرێت.
هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە کاتێکدایە، پارتی و یەکێتی ناکۆکن لەسەر چۆنیەتی ناردنە دەرەوەی غازی ئەو کێڵگەیە، هەروەها عێراق و هێزە شیعەکانیش دژی ناردنە دەرەوەی غازی ئەو کێڵگەیەن لە ڕێگەی تورکیاوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی هێرشی سەر کێڵگەی کۆرومۆر، ڕایگەیاند"دەبێت لێکۆڵینەوە بکەین، تا بزانین ئامانجی پشت ئەم هێرشانە چیین، خەڵکی کوردستان و کۆمپانیاکانیش لەوە بەهێزترن بە دووساروخ ورەیان بڕوخێت."
دوای هێرشەکانی دوێنێ هەینی سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر، ڕۆژی شەممە، چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی عێراقی ویستیان لە ناحیەی زنانەی سنوری قەزای خورماتووەوە بەرەو کێڵگەی کۆرومۆر بڕۆن، بە بیانووی ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان دەکەن، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕێگەیان پێنەدرا.
سەرچاوەیەکی سەربازی هەرێم کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"گومان دەکەین، ئەو هێزە بەبیانووی لێکۆڵینەوەوە، ویستبێتیان ئەحداسیاتی ناوچەکە وەربگرن."
لای خۆشیەوە وەهاب ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"دوو هێزی عێراق لە دوو قۆڵی جیاوە و بێ هەماهەنگی هاتبوونە ناوچەکە بەبیانووی ئۆپەراسیۆنەوە، دواتر کشانەوە."
گوتیشی"چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی تر بە جیا هاتبوون، گوایە دەچنە کۆرومۆر بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام لە بازگەکە ڕێگەیان پێنەدراو گەڕانەوە."
کێڵگەی غازی کۆرومۆر، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە کەوتووەتە ژێر فشاری هێزە عێراقیەکانەوە و مەترسی زیاتریشی لەسەرە، نزیکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە و یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان.