Accessibility links

عێراق ماتەمینی نیشتمانی ڕادەگەیەنێت


کاتی گەیشتنی تەرمی قوربانیانی تۆپبارانەکەی هاوینەهەوارێکی پارێزگای دهۆک بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا، پێنجشەممە 21ی حەوتی 2022
کاتی گەیشتنی تەرمی قوربانیانی تۆپبارانەکەی هاوینەهەوارێکی پارێزگای دهۆک بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا، پێنجشەممە 21ی حەوتی 2022

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممەی بە ڕۆژی ماتەمینی نیشتمانی ڕاگەیاند، پاش ئەوەی 9 گەشتیار بەهۆی بۆردومانی گوندێک لە سنووری زاخۆ کوژران و تورکیای دراوسێ بە بەرپرسیار لە کوشتنی ئەو کەسانە دادەنێت.

تەرمی قوربانییەکان، کە هەمویان گەشتیاربوون بۆ پشوودان چووبوون بۆ هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش تیایدا ئامادە بوو، ڕەوانەی بەغدا کرایەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە مەڕاسیمی ڕەوانەکردنی تەرمی قوربانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ بەغدا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە مەڕاسیمی ڕەوانەکردنی تەرمی قوربانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ بەغدا

لە بەغداش سەرۆک وەزیری وڵاتەکە مستەفا کازمی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمەکان کرد.

مەڕاسیمی پێشوازیکردن لە تەرمی قوربانییەکان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا
مەڕاسیمی پێشوازیکردن لە تەرمی قوربانییەکان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا

لەو هێرشەی ڕۆژی چوارشەممە بۆ سەر هاوینە هەواری پەرەخێی سەر بە قەزای زاخۆ بەلایەنی کەم 23 کەسی تریش بریندار بوون.

ئەو کوشتارە بووە هۆی ئەویە دەیان خۆپیشاندەری توڕە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە دەرەوەی نووسینگەی ڤیزەی تورکیا لە بەغدا ناڕەزایەتی دەرببڕن، سەرەڕای ئامادەبوونی زۆری پۆلیس.

ڕۆژنامەنووسێکی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا خۆپیشاندەران دروشمیان دەوتەوە و داوای دەرکردنی باڵیۆزی تورکیایان دەکرد، لە بڵندگۆکانەوە سرودی نیشتمانییان دەگوتەوە.

خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا
خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا

عەلی یاسین خۆپیشاندەرێکی تەمەن 53 ساڵان بە ئاژانسەکەی گوت " دەمانەوێت باڵیۆزخانەکە بسوتێنین. دەبێت باڵیۆزەکە دەربکرێت. حکومەتەکەمان هیچ ناکات."

شەوی چوارشەممەش خۆپیشاندانی هاوشیوە لە نەجەف، کەرەبەلا و ناسریە بەڕێوەچوو.

ڕۆژی چوارشەممە لە کاردانەوەیەکی توندی نائاساییدا، سەرۆک وەزیری عێراق هۆشداری دا بە تورکیا کە عێراق " مافی تۆڵەکردنەوەی" هەیە و ئەو تۆپبارانەی بە " سەرپێچییەکی ڕوون" بۆ سەروەری خاکی عێراق لە قەڵەمدا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نکوڵی لەوە کرد ئەو هێرشە کاری تورکیا بووبێت و گوتی " ئەم جۆرە هێرشانە" لەلایەن " ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان"ە وە ئەنجام دراون.

ئانقەرە لە مانگی سێی رابردوودا هێرشێکی لە باکووری عێراق بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی کلیل- چنگ" دەستپێکرد، کە بە وتەی خۆی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکاتە ئامانج.

XS
SM
MD
LG