ڕۆژنامەنوسێکی بواری نەوت و وزە ڕایدەگەیەنێت، بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی گەرمیان، کە کۆمپانیای گازپرۆم ی ڕۆسی سەرکارە تێیاندا بەتەواوەتی کەمیکردووە، هۆکارەکەشی بۆ تێکەڵبوونی نەوت بە ئاوی ژێر زەوی دەگێڕێتەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئاراز محەمەد ڕۆژنامەنوسی بواری نەوت و وزە، دەڵێت"بلۆکی نەوتی گەرمیان کە کۆمپانیای گازپرۆم ی ڕوسی سەرکارە تێیاندا، لە چوار بیرە نەوت پێکهاتوون و دەکەونە گوندەکانی حەسیرە و میل قاسمەوە، بیرەکان بریتین لە بیرە نەوتی سەرقەڵا یەک تا سەرقەڵا چوار، تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ڕۆژانە 30 بۆ 35 هەزار بەرمیل نەوت لەم بیرانە لە ڕۆژێکدا دەرهێنراوە."
جەختیکردەوە"لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دەرهێنانی نەوت لە بیرە نەوتییەکانی گەرمیان بەڕێژەیەکی زۆر کەمیکردووە، چونکە کێشە کەوتووەتە بیرە نەوتی سەرقەڵا سێ و سەرقەڵا چوار، ڕێژەیەکی زۆر ئاو لەگەڵ نەوت لەو بیرانە تێکەڵ بووە، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوت."
ئەو ڕۆژنامەنوسەی بواری وزە ڕوونیکردەوە، کۆمپانیای گازپرۆم هەوڵێکی زۆری داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تێکەڵبوونی نەوت بە ئاو لە بیرە نەوتییەکانی گەرمیان، توانیویەتی ئاوەکە بۆ 30% کەمبکاتەوە، وتی"گازپرۆم بیرێکی 800 مەترسی لێداوە، ئاوی نێو بیرە نەوتییەکان دەکاتە نێو ئەو بیرەوە، چونکە ئەو ئاوەی لەگەڵ نەوت دێتە دەرەوە مادەی کیمیایی تێدایە و نابێت بکرێتە سەر زەوی."
بەبڕوای ئاراز محەمەد، کێشەی تێکەڵبوونی نەوت بە ئاو لە بیرە نەوتییەکانی گەرمیان، پێناچێت بەخێرایی چارەسەر ببێت، تەنها چارەسەر لێدانی بیرە نەوتی ترە لەلایەن کۆمپانیا ڕوسیەکەوە.
ئاراز محەمەدی ڕۆژنامەنوسی بواری نەوت و وزە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا کۆمپانیای گاز پرۆم تەنها سەرقاڵی لێدانی یەک بیرە نەوتە، ئەگینا پرۆسەی گەڕان و پشکنینیان نیە بەدوای بیری تردا، وتی"ڕەنگە ساڵی داهاتوو هەوڵی دۆزینەوەی بیرە نەوتی تر بدرێت."