کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی، پشکەکانی خۆی لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ کە دەکەوێتە پارێزگای دهۆک بە کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆم دەفرۆشێت، کە 18%ی پشکەکانی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ هی کۆمپانیای تۆتاڵ بووە.
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، دەکەوێتە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک، لە دوای ساڵی 2008 پرۆسەی پشکنین و گەڕانی تێدا ئەنجامدراوە، بەڵام لە ساڵی 2011 ەوە نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێ، ئەمەریکی بەڕێوەدەبرێت کە خاوەنی 62%ی کێڵگەکەیە، (hkn)ئەم کێڵگەیە لەلایەن کۆمپانیای
پشکی حکومەتی هەرێمیش لەم کێڵگەیە 20%ە.
کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی لە ڕاگەیەنراوێکدا، فرۆشتنی پشکەکانی بە کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆم ڕاگەیاندووە، بەپێی زانیاریەکانیش، ئەو 18%ەی پشکی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ بە 155 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.
محەمەد حسێن شارەزای بواری وزە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"فرۆشتنی پشکی کێڵگە نەوتییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە حاڵەتێکی ئاساییە و لەدونیادا ڕوودەدات، جاری وا هەیە کێڵگەیەکی نەوت چەندین جار کڕین و فرۆشتن بە پشکەکانیەوە دەکرێت."
فرۆشتنی پشکەکانی لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لەلایەن کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسیەوە، لەکاتێکدایە دادگای فیدراڵی عێراق پرۆسەی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی ناوبردووە، ئەمەش ئەو تێڕوانیەی لای خەڵکی کوردستان دروستکردووە، کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان پەیوەندیدارن بە بڕیارەکانی دادگای عێراقەوە.
بەڵام محەمەد حسێن شارەزای بواری وزە ڕەتیکردەوە، هیچکام لە کۆمپانیا سەرکارە گەورەکان هەرێمی کوردستانیان جێهێشتبێت، وتی"کۆمپانیای تۆتاڵ ڕاستە کۆمپانیایەکی گەورەیە، بەڵام لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دا ڕۆڵی گەورەی نەبووە."
جەختیشیکردەوە"کۆمپانیا نەوتییە گەورەکان کە لە هەرێم سەرکارن، پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە، دەیانەوێت لە مساڵدا بەرهەمی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم زیاد بکەن."
ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کشاونەتەوە زیاتر کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانن، کە پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقەوە ڕاگەیاندووە، ڕەتیانکردووەتەوە هیچ پرۆژەیەک لە هەرێم وەربگرن، کە دواترینیان کۆمپانیای وەزەر فۆر بووە.
بەشێکی زۆری کۆمپانیا نەوتییەکان، سەرقاڵی زیادکردنی بەرهەمی رۆژانەی نەوتن لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بە تایبەت زۆرێک لەو کۆمپانیایانە پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستانە نەک عێراق، بۆیە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ئیش و کارەکانی پێ ڕانەگرتوون.
محەمەد حسێن، گوتیشی"کێڵگەی نەوتی بەعشیقە لە سەر چیای باشیک، تازە وەبەرهێنانی نەوت تێیدا دەستیپێکردووە، کە ڕۆژانە 2000 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەهێنرێت، لەلایەن کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئینیرجیەوە."