دوای هەژدە ڕۆژ لە ناڕەزایەتی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران، لەگەڵ درێژەدان بە دروشمەکانی 'مەرگ بۆ دیکتاتۆر' و 'ژن ژیان ئازادی' ناڕەزایەتییەکان لە شەقامەکانەوە بۆ زانکۆ و خوێندنگاکان تەشەنەی سەندووە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە بە شێویەکی بەرفراوان ئەنتەرنێت لە ئێراندا سنووردارکراوە و ناردنی وێنە و ڤیدۆ بۆ دەرەوە زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام هەندێک وێنە و ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە خەڵکی لە تارانی پایتەخت و شارەکانی تردا شەقامیان بەجێنەهێشتووە و تا ئێستاش بەردەوامن لەو خۆپیشاندانانەی لە پاش مەرگی ژینا ئەمینیەوە دەستیان پێکردووە.
لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک بە سەرکردایەتی ژنان لە قوتابخانەکاندا، بە تایبەتی ئامادەیی کچان، بە لابردنی حیجابی زۆرەملێ و سووتاندن و دڕاندنی وێنەی سەرکردەکانی پێشوو و ئێستای ئێران، لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا زیادی کردووە.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گرتە ڤیدیۆییەکی لە تویتەری فەرمی خۆی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی " خوێندکارە ئازاکانی خوێندنگایەکی تاران بە پێی بەسەر وێنەی خومەینی و خامەنەئیدا دەڕۆن و دروشمی ' نەترسن نەترسن ئێمە هەمومان پێکەوەین' و ژن، ژیان ئازادی ' دەڵێنەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئاستی جیهانی ڕەخنەیەکی زۆر لە ڕژێمی ئێران گیراوە بۆ بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر دژ بە خۆپیشاندەران.
کریس ڤان هۆلن سیناتۆری دیموکرات لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باسی لەو ڕێکارانە کرد کە ئەمەریکا دەیگرێتەبەر بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندەران و ئیدانەکردنی ڕژێمی ئێران. ڤان هۆڵن گوتی " ئەمەریکا هەوڵ دەدات دوو ئاراستەی هەمەڕەنگ پەیڕەو بکات؛ یەکەمیان ئەو کەسانەی کە توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە بەکاردەهێنن بەرپرسیار بکات و سزایان بخاتەسەر و بەردەوامیش ڕێگەی تر دەدۆزێتەوە. هەر ئێستاش کۆمەڵێک سزا دژ بە بەرپرسانی ئێران جێبەجێ کراون. بەڵام ئێستا هەوڵەکە ئەوەیە ئەو کەسانەی خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن ببن بە ئامانج. دووهەمیش بێگومان بەڕێوەبەرایەتییەکە هەوڵ دەدات ڕێگەی زیاتر بدۆزیتەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری سەربەخۆ و ڕاست و دروست لە خەڵکی ئێرانەوە."
لەلایەکی تریشیەوە عەبیر ئەلسەهلانی، نوێنەری سویدی لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە دەمی وتارێکدا لە ستراسبۆرگ بۆ نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ئێران، قژی خۆی بڕی. ئەو سیاسەتمەدارە سویدییە گوتی "تا ئێران ئازاد نەبێت، تووڕەیی ئێمە لە ستەمکاران گەورەتر دەبێت".
وەزیری دەرەوەی فەرەنساش ڕایگەیاند یەكێتی ئەوروپا بە نیازە سزا بسەپێنێت بەسەر سامان و دارایی و قەدەغەكردنی گەشتكردن بەسەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێرانی كه دەستیان له سەركوتكردنی خۆپیشاندەراندا هەیه.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی بەریتانیای لە تاران بانگ کردووە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەوەی وەک دەڵێت " لێدونەکانی دەستێوەردانی" وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا.
بهڕێوهبهری گشتی بەشی ئەوروپای ڕۆژئاوا له وهزارهتی دهرهوهی ئێران ڕایگەیاند " لایهنی بهریتانیا به دهرکردنی بهیاننامهی تاک لایهنه نیشان دهدات که ڕۆڵی ههیه له سیناریۆ شهڕخوازهکانی تیرۆریستانی چالاک دژ به کۆماری ئیسلامی".
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بەرپرسی کاروباری ئێران کە باڵاترین دیپلۆماتی ئێرانییە لە بەریتانیا، بانگکردووە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی لە ئەنجامی مەرگی ژینا ئەمینی سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە.
ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامن، دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی هەڵگیرسان کە بە گوتەی شایەتحاڵان بەهۆی لێدانی پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە گیانی لە دەستداوە.