Accessibility links

سەردانەکەی سەرۆکی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم


سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر لەتیف ڕەشید لە یەکەم سەردانیدا وەکو سەرۆکی وڵاتەکە گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەوێ لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە تویتێکدا باس لە سەردانە فەرمییەکەی سەرۆکی نوێی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم دەکات و دەڵێت " لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی لە عێراق کرا، وە جەخت کرایەوە سەر گرنگی گفتوگۆی بنیاتنەر بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور."

نێچیرڤان بارزانیش لە تویتێکدا جگە لە خۆشحاڵی دەربڕین بەرامبەر بە سەردانەکەی دکتۆر لەتیف ڕەشید دەشڵێت " پابەندبوونی خۆمم دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها پشتگیری خۆمم بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار دووپاتکردەوە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە."

سەرۆک وەزیری هەرێم مەسرور بارزانیش پێشوازی لە سەرۆکی عێراق کرد لە کۆبونەوەکەیاندا گفتوگۆ لەسەر چەند تەورێک کراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی کارنامەی وەزاری حکومەتی نوێی فیدراڵی کرا."

یاسای نەوت و غاز، بودجە و بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ نایاسایی بوونی پرۆسەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بەشێکن لەو کێشانەی بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان بەغدا و هەولێر ماونەتەوە و بڕیارە حکومەتی عێراق و هەرێم لە داهاتوویەکی نزیکدا گفتوگۆیان لەسەر بکەن.

پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی عێڕاق سەردانی پیرمامی کرد و لەوێ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێم کۆبۆوە.

ماڵپەڕی فەرمی بارزانی سەبارەت بە کۆبونەوەکەی مەسعود بارزانی و دکتۆر لەتیف ڕەشید دەڵێت " لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی و هەنگاوەکانی حکوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ کرا و هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ حکوومەتی عێراق و جێبەجێکردنی بەرنامەکەی حکوومەت دووپات کردەوە.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جەخت لە ڕۆڵ و پێگەی عێراق لە ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرایەوە. هەروەها ئەوەش خرایە ڕوو کە پێویستە گرفتەکان دوور لە زمانی هەڕەشە و لەسەر بنەمای دیالۆگ چارەسەر بکرێن."

چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک کۆماری عێراق لە میانەی ئەم سەردانەیدا بۆ هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک بکات.

XS
SM
MD
LG