سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە زیندانەوە زنجیرەیەک تویتی کردووە و ڕەخنە لە هەوڵەکانی فریاکەوتن دەگرێت و دەڵێت "گەورەترین چارەسەر هاودەنگی خۆبەخشانەی گەلە. ئێستا کاتی زیادکردنی هاودەنگی و هاوکارییە."
قسەکانی دەمیتاش لە کاتیکدایە خەڵکی شارۆچکەی پازارچک لە نزیک مەڕەش لە تورکیا گلەیی لە کەمتەرخەمی حکومەت دەکەن سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕزگارکردنی قوربانیان کە ژمارەیەکیان تا ئێستاش لەژێر دارووپەردووی خانووەکاندا گیریان خواردووە.
بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی تورکیا کە بوومەلەرزەکە کاریتێکردووە ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتەکەیە.
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەمەم ڕایگەیاند زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بەپەلە دەگیرێتەبەر بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان " ئێمە بڕیارمان دا باری نائاسایی ڕابگەیەنین تا دڵنیابین لەوەی کاری ڕزگارکردن و هاتنەوە سەرخۆ بە خێرایی ئەنجام بدرێت."
هەروەها گوتیشی حکومەتەکەی 50 هەزار کارمەندی فریاکەوتن ڕەوانەی ناوچەکە دەکات لەگەڵ هاوکاری 5 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.
بەڕێوەبەرایەتی فریاکەوتن و کارەسات لە تورکیا ناسراو بە (AFAD) تا ئێستا لە دوو بوومەلەرزەی بەهێزدا سێ هەزار و 703 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها گوتیشی ژمارەی بریندارەکانیش لە 22 هەزار و 286 کەس زیاترن.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە سوریاش بەلایەنی کەم بەلایەنی کەم 1600 کەس گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پەنتاگۆن) ئەمڕۆ دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا دەڵێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا خڵوسی ئاکار کردووە و هاوخەمی خۆی بۆ تورکای دەربڕیوە پاش بوومەلەرزە وێرانکارەکەی (بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە).
لە بەیاننامەکەی پەنتاگۆندا هاتووە وەزیری بەرگری " ئۆستن پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هەوڵەکانی فریاگوزاری تورکیا دووپاتکردووتەوە و بەڵێنی هاوکاری بەردەوامی داوە لە کاتێکدا پێداویستییەکانی تورکیا دەردەکەون."
لەو وەڵامیشدا وەزیری بەرگری تورکیا " خڵوسی ئاکار سوپاسی ئۆستنی کردووە و جەختی لەوە کردەوە هاوکارییەکانی ئەمەریکا و تورکیای لە بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر هەوڵەکانی فریاگوزاری.
ڕۆژی سێشەممە ڕۆژێک پاش بوومەلەرزە بەهێزەکەی تورکیا و سوریا منداڵێکی ساوا بە زیندووی لە ژێر داروپەردوودا لە باکوری سوریا لەلایەن خزمەکانییەوە دەرهێنراوە. ئەو خزمەکانی دەڵێن منداڵەکە تازە لە دایک بووە و هیشتا وێڵاشەکەی پێوەبووە.
خەلیل ئەل سوعادی دەڵێت ئەو منداڵە ساوایە تەنها کەسە لە خێزانەکەی خۆی کە ڕزگاری بووە تەوای خێزانەکەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە شارۆچکەی جندرێسی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوانی سوریا گیانیان لەدەستداوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە نەخۆشخانەکانی سوریا لە ڕۆژئاوای ئیدلیب پڕ بوون لە بریندارانی ئاکامی بومەلەرزەکە.
تیمەکانی فریاکەوتنی هێشتا ڕزگاربووان و بریندارانی ئاکامی بومەلەرزە بەهێزەکەی ڕۆژی دووشەممە دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە ڕۆژئاوای ئیدلبی ئەو وڵاتە. لە کاتێکدا بەپێی سەرچاوەکان هێشتا سەدان خێزان لە ژێر دارووپەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا گیریان خواردووە.
هاوکات کارمەندانی فریاگوزاری بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دەرهێنان و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەن کە لە ژێر داروپەردووی بینا وێرانبووەکاندا گیریان خواردووە لە نزیک حەلەب لە سوریا.